کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندی نوێنەرانی حزبی دێموکرات لە پارلمانی سوید دانیشتنێکی پێکهێنا

20:50 - 11 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا: نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندام پارلمانتاری سویدئانا ـ لێنا سوێرنسون لە پارلمانی سوید چاوپێکەوتنیان کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، هەیئەتی پێوەندیەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی حەمید تەیمووری چووە پارلمانی وڵاتی سوید و لەگەڵ ئەندام پارلمانی سوسیال دێموکراتەکان ئانا لێنا سوێرنسون (Anna – Lena Sörenson) کە ئێستا بەرپرسی نێت وۆرکی سویدی ـ کوردییە چاوپێکەوتنیان کرد.

سەرەتا، باسێکی هەلومەرجی کوردستان بە گشتی و شەڕی داعش دژ بە کورد و وڵاتانی دەوروبەر و لەسەرەوەی هەموویانەوە ئێران کرا و ئێرانیش وەک کێشەی سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناڤین و نانەوەی شەڕ و پشتیوانی لە گرووپە تووندڕەوەکان لە ناوچە و هاندانی حیزبوڵڵا دژبە ئیسرائیل و نانەوەی شەڕ لە لوبنان و پشتیوانی بەشار ئەسەد و دەستێوەردان لە عێراق و ناردنی هێزی وەک سپای بەدر و ڕێکخراوی خوراسان و هاتوچۆی قاسم سڵێمانی لە ناوچەکە و کوردستانی باشوور نموونەی بەرچاوی ئەو کێشانەن.

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەڵکشانی ئێعدامەکان و قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و تووندوتیژیی دژی ژنان و مەزهەبە جۆراجۆرەکان و نەتەوەکانی وەک کورد و عەرەب و ئازەری و بەلووچ و تورکمەن و ناردنی هێز بۆ شارەکانی کوردستانی ئێران سەرەڕای ئەمانەش باسی چەکی ئەتۆمی و وتووێژەکانی وڵاتانی ١+٥ و ئامریکا بەشێکی ئەو وتووێژانە بوون کە خرانە بەرباس و لێکدانەوە.

هەر لەم پەیوەندییدا، باسی کۆمەڵکوژیی گوندەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، ئیندەرقاش و ئۆسوکەند و گوندەکانی‌تری کوردستان کرا کە کەوتنە بەر هێرشی بەسیجی و پاسداران و خەڵکی ئەو گوندانەیان بە بێ تاوان کوشت.

لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنەدا، باسی بوردومانی شیمیایی شاری سەردەشت و شارستانی زەردە کرا کە ئێران زۆر کەم لە سەری باسی کردووە و پێشی ڕۆژنامەوانانی نێوخۆیی و دەرەکی گرتبوو کە لەو شوێنانە دیتن بکەن و هەواڵەکان بڵاو بکەنەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنەدا ئانا – لنا سویرنسون ئەوەی پشت راست کردەوە کە ئامریکا بە هۆی پێشگرتن لە چەکی ئەتۆمی کێشەکانی‌تری لە ئێران لە بیر کردووە و نایانەوێ لەو بارەوە ئێران بخەنە ژێر فشار و هەندێک بە هێمنی لەگەڵ نوێنەرەکانی ئێران هەڵسوکەوت دەکەن.

ئەم پارلەمانتارە لە درێژەدا جەختی کرد کە رێژیمی ئێران نە خوازیاری دێموکراسییە و نە خوازیاری ئەوەیە کە دێموکراسی تەجروبە بکات.

ژوان .ک