کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندی پارتی پێشەنگی كوردستانی سووریە و كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان سەردانی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكرات لە هەولێریان كرد

21:16 - 24 رەشەمه 2712

كوردستان میدیا: دوو شاندی پێوەندییەكانی كۆنسەی بەرێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK و پارتی پێشەنگی كوردستانی سووریە سەردانی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیان لەشاری هەولێر كرد و لەلایەن محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەکانەوە پێشوازییان لێكرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لە دانیشتنی شاندی پارتی پێشەنگی كوردستانی سووریە بەسەرپەرستی دوكتور ئیسماعیل محەممەد حەساف سكرتێری گشتیی ئەو پارتە، لەگەڵ شاندی پێوەندییەكان بەسەرپەرستی بەڕێز قادری ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكرات، باسێكی سیاسی لەلایەن هەر دوو لاوە لەسەر پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچە بەگشتی و كورد بەتایبەتی هاتە ئاراوە.

شوێندانەریی گۆڕانكارییەكانی هەر كام لە بەشەكانی كوردستان لەسەر جووڵانەوەی كورد، تەوەرێكی دیكەی باسەكانی شادی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكرات و پارتی پێشەنگی كوردستانی سووریە بوو.
هەر لەو پێوەندییەدا دوا نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 23ی رەشەمە، هەیئەتێكی پێوەندییەكانی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان KCK بە سەرپەرستی فەرحان عەمارە بەرپرسی پێوەندییەكانی KCK ، سەردانی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لە شاری هەولێر كرد.

ئەو هەیئەتە لەلایەن شاندێكی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكراتەوە بە سەرپەرستی محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەكانەوە پێشوازی لێكرا.

شاندی هەر دوو لا دوای باسێكی سیاسیی لەسەر رەوشی ناوچە و دۆخی كورد لە هەركام لەبەشەكانی كوردستان، پێداگریان لەسەر هاوفكری و ئالوگۆڕی بیرورا لەسەر پرسە نەتەوەییەكان لەپێناو بڕەودان بە خەباتی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافەكانی كورد لەهەر پارچەیەكی كوردستان كرد.



لە تەوەرێكی دیكەدا نوێنەری حیزب، پشتیوانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لە رەوتی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیە دەربڕی.