کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات لە دوو کۆڕی ئەدەبیدا بەشداریی کرد

18:35 - 10 جۆزەردان 2722

شاندی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی ''محەممەد ساڵح قادری'' بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکرات، لە دوو کۆری پەردەلادان لەسەر کتێبی دیوانی شێعری  شاعیری ناوداری کورد "ئەدەب" (میسباح دیوان) لە ئامادەکردنی مامۆستا "محەمەی حەمەباقی" و هەروەها  کتێبی "یادەوەرییەکان" لە نووسینی ''ئیسماعیل بێشکچی'' بەشداریی کرد.

ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە هۆڵی ئاکادمیای کوردی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک ڕووناکبیر و نووسەر، پەردە لەسەر کتێبی دیوانی شێعری ''ئەدەب'' هەڵگیرا و مامۆستا ''محەمەی حەمەباقی'' شرۆڤەیەکی تێروتەسەلی لەسەر دیوانی شێعری ئەدەب و کەسایەتیی ئەدەب پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و دوای وەرگرتنی بۆچوونی ئامادەبووان و وڵامدانەوەیان، دواتر بەرهەمەکە بەسەر ئامادەبووان دابەش کرا.

 هەروەها ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە سەنتەری ئاڵا لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و ڕووناکبیران و نوێنەرایەتیی چەندین ڕێکخراوەی مەدەنی، پەردە لەسەر کتێبی ''یادەوەرییەکان'' لە نووسینی ''ئیسماعیل بێشکچی'' نووسەر و لێکۆڵەری دۆستی کورد لا درا.

لەو کۆڕەدا سەرەتا مامۆستا ''بێشکچی'' چەند وتەیەکی سەبارەت بە مێژووی هاوچەرخی کورد و نکۆڵیکردنی مافەکانیان لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە کرد و لەسەر یەکگرتووی و خەباتی کوردان بۆ بە دەوڵەتبوون پێداگریی کردەوە.

دواتر ''ئومید خۆشناو'' پارێزگاری هەولێر بەخێرهاتنی "بێشکچیـ"ـی کرد و ڕایگەیاند کە لە قەڵاتی هەولێر ژورێکیان تایبەت بە بێشکچی کردووەتەوە.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا دوکتور ''فەرهاد پیرباڵ'' کە پێشەکیی بۆ ئەو بەرهەمە نووسیوە، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و داوای کرد لە زانکۆکانی کوردستاندا، لە وانەی کۆمەڵناسیدا بەشێک بۆ توێژینەوەکانی ئیسماعیل بێشکچی تەرخان بکرێت.