کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندی "کەنەکە" سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

11:36 - 6 سەرماوەز 2720

شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەردانی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

 ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە سەرپەرەستیی "ئەحمەد قەرەمووسی''، هاوسەرۆکی کەنەکە سەردانی بنکەی سەرەکیی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن هەیئەتێک بە سەرپەرەستیی "محەممەد نەزیف قادری"، بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکان و جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازیی لێ کرا.

 لە سەرەتای ئەو دیدارەدا "محەممەد نەزیف قادری" بەخێرهاتنی گەرمی شاندی میوانی کرد.

 پاشان "ئەحمەد قەرەمووسی" وێڕای سپاسی پێشوازیی گەرمی شاندی حیزب و بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و پێگە و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات، باسێکی کورتی لەسەر ئامانجی سەردانی شاندی کەنەکە پێشکەش کرد.

"قەرەمووسی" وێڕای شرۆڤەی ئاڵۆزی و هەڕەشەکان بۆ سەر کورد لە کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا، دوایین گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی باشووری کوردستانی تاوتوێ کرد و بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتەی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکیەتیی نەتەوەیی کورد و سەروەریی خاکی کوردستان زانی و لەو پێوەندییەدا بە وردی باسی لە هەنگاوەکانی کەنەکە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و بانگهێشتکردنی لایەنەکان بۆ پشتگیری لە چارەسەری کێشەکە کرد.

 ناوبراو هەروەها داوای لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد وەکوو حیزبێکی خاوەن پێگە و قورسایی و هەڵوێستی نەتەوەیی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا ڕۆڵی خۆی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پێکهێنانی بەستێنی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشە و ئاڵۆزییەکان بگێڕێت.

لە درێژەدا "محەممەد نەزیف قادری" وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی کورد و هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکانی کوردستان، ڕایگەیاند حیزبی دێموکرات هەمیشە و لە هەموو قۆناغەکاندا سەرەڕای باوەڕ بە جیاوازیی هەلومەرجی خەبات لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان، پاڵپشتیی لە یەکیەتیی نەتەوەیی و پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بە پرەنسیپی یەکڕیزی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد کردووە و لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێوان هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکانی باکوور و باشووری کوردستانیشدا، بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ ئەوەی کە هەموو لایەنەکان بەرەو هەڵبژاردنی ڕێکاری دیالۆگ و ڕێزگرتنی بەرانبەر و قەبووڵکردنی یەکترهان بدات.

 "قادری" لە کۆتاییشدا ئامادەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ هەڵگرتنی هەر جۆرە هەنگاوێک لە پێناوی دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان و جێگیرکردنی پرەنسیپی دیالۆگ لە هاوکێشە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا دووپات کردەوە.

 شاندی هەر دوو لا لە کۆتاییدا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی هاوکاری و هاوخەباتیی زیاتری نێوان هەموو لایەنەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و یەکڕیزی نێوان پێکهاتەکان و هێزە خەباتگێڕەکانی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان کردەوە.