کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی (ENKS) سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

13:52 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە، لە دیدارێکدا لەگەڵ حیزبی دێموکرات، کۆمەڵێک بابەتی جێگەی سەرنجی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرستیی "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

لە سەرەتای ئەو دیدارەدا، "محەمەد ئیسماعیل"، جێگری سکرتێری پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە، سپاسی پێشوازیی گەرمی حیزبی دێموکراتی لە شاندەکەیان کرد. ناوبراو دواتر وێڕای ئاوڕدانەوە لە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و مێژووی سەرهەڵدانەکانی کورد لەو بەشەدا، باسی لەسەر کۆسپەکانی سەر ڕێگای یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنەکان لەو پارچەیەی کوردستاندا کرد.

پاشان "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، باسێکی لەسەر بارودۆخی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە پێشکەش کرد.

"هیجری" لە وتەکانیدا ئاوڕی لە پەیوەندی و کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دایەوە و ڕایگەیاند: "هەڵسوکەوتی ڕابردووی ڕێژیمی ئێران پێمان دەڵێت کە کۆماری ئیسلامی لە دۆخی گوشار و لاوازیدا مل بۆ دانوستان و تەسلیمبوون بەرانبەر بە هێز و لایەنە دەرەکییەکان ڕادەکێشێت."

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پێکهێنانی بەرە یان هاوپەیمانییەکی بەربڵاو لە ئاستی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێراندا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، وەفدەکانی هەردوو لا جەختیان لەسەر پێویستیی هاوکاری و بیروڕا گۆڕینەوەی زیاتر لە داهاتوودا کردەوە.

شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریە لەم دیدارەدا پێک هاتبوون لە:

سولەیمان عەبدولمەجید ئۆسۆ، سکرتێری حیزبی یەکیەتیی کوردستانی سووریە

محەمەد ئیسماعیل، جێگری سکرتێری پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە

فەیسەل یووسف، سکرتێری تەڤگەری چاکسازیی کورد لە سووریە

نیعمەت داوود، سکرتێری حیزبی وەکهەڤی لە سووریە

فەسلە یووسف، سکرتێری حیزبی یەکیەتیی دێموکراتیکی کوردستانی سووریە

نەواف ڕەشید، سەرۆکی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریە لە هەرێمی کوردستان

جەدعان یووسف، ئەندامی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریە لە هەرێمی کوردستان