کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی باڵای حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی دووەمی حیزبی چەپی ئێران (فدائیان خلق) بەشداریی کرد

18:33 - 25 خەزەڵوەر 2721

دووەمین کۆنگرەی حیزبی چەپی ئێران لە ڕۆژانی ١٢ ، ١٣ و ١٤ی نوامبری ٢٠٢١ی زایینی بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو کە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەو حیزبە، شاندێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی ''حەسەن شەرەفی''، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی، بەشداریی لەو کۆنگرەیەدا کرد.

لەو کۆنگرەیەدا چەندین لایەنی کوردستانی و ئێرانی و... بەشدار بوون و لەنێوانیاندا لەسەر باس و بابەتە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

سەرپەرستی شاندی حیزب لەو کۆنگرەیەدا بۆ ئامادەبووان باس و هەڵسەنگاندنێکی سیاسیی پێشکەش بەو کۆنگرەیە کرد و جەختی لەسەر دەستەبەربوونی مافی چارەی خۆنووسین بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵ وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی دێموکراسی لە داهاتووی ئێراندا و هەروەها گرینگی و پێویستیی هەبوونی یەکگرتوویی و هاوپەیوەندی لەنێوان هێزە ئازادیخواز، دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان لە ئاستی ئێراندا بە مەبەستی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.

هەروەها پەیامی دەزگای پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن شاندی حیزبەوە پێشکەشی هەیئەتی بەڕێوەبەریی کۆنگرە کرا.