کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموكرات لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی كاک "عەلی قازی" بەشداریی كرد

17:32 - 27 پووشپەڕ 2722

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، شاندێكی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی "حەسەن شەرەفی" جێگری یەكەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب، لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی كاک "عەلی قازی" لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی "هەولێر" بەشدارییان كرد.

لەو ڕێوەڕەسمەدا شاندی حیزب تاجەگوڵێنەی ڕێز و وەفایان لەسەر تەرمی كاک "عەلی قازی" دانا.

ئەو ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەندامانی بنەماڵەی كاک "عەلی قازی" و نوێنەرانی پارلمانی كوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەكان و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا شاندی حیزب هاوخەمی و سەرخۆشیی حیزبی دێموكراتیان بە ئەندامانی بنەماڵەی كاک "عەلی قازی" ڕاگەیاند و لەگەڵ پێشوازی و پێزانینی گەرمی بنەماڵەی "قازی" بەرەوڕوو بوون.

كاک "عەلی قازی" ناسراو بە "كوڕی ڕەش"، تاقانە كوڕی "پێشەوا قازی محەممەد" دامەزرێنەری حیزبی دێموكرات و سەركۆماری كوردستان بوو كە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی لە وڵاتی "ئالمان" كۆچی دوایی كرد.

تەرمی کاک "عەلی قازی" لەسەر ئەركی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیەندرایە كوردستان و لە گۆڕستانی "كەلار"دا بەخاک ئەسپێردرا.