کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات سەردانی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی لە ڕانیە کرد

11:35 - 13 جۆزەردان 2722

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٤٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی ئەو حیزبەی لە شاری ڕانیە کرد و لەلایەن هەیئەتێک بە سەرپەرستیی "ئەحمەد زرار" بەرپرسی مەڵبەندەوە، بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.

لە سەرەتای ئەو دیدارەدا "کەماڵ فەڕوخی" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەڤەری ڕاپەڕین وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەکێتی، کورتەیەکی لەسەر ڕابردووی پێوەندییەکانی نێوان هەردوو لای باس کرد. ناوبراو لەسەر گرینگیی پتەوترکردن و بەردەوامیی ئەو پێوەندییانە جەختی کردەوە.

پاشان "ئەحمەد زرار" بەرپرسی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی حیزب و دەربڕینی خۆشحاڵی و سپاسی خۆیان بۆ سەردانی شاندی حیزب، پێوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکراتی بە نموونەی پێوەندییەکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە و مێژوویی ناو برد کە دۆخی ئێستای ناوچەکە و چارەنووسی گەلی کورد لە بەردەم هەڕەشە و دەرفەتەکاندا، پێویستیی ئەو نزیکایەتی و هاوپێوەندییە زیاتر دەکات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، شاندی هەر دوو لا وێڕای خستنەڕووی بۆچوون و تێبینییەکانیان لەمەڕ هاوکاریی دۆستانە و هاوئاهەنگیی زیاتر جەختیان لەسەر گرینگیی بەردەوامبوونی ئەو جۆرە سەردانانە کردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکە و لە کەشێکی زۆر هاوڕێیانەدا شاندی حیزب زۆر بە گەرمی لەلایەن هەیئەتی خانەخوێوە بەڕێ کرا.