کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد

18:36 - 16 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ۱٦ی ڕەشەمەی ۱۳۹۷ی هەتاوی، لەسەربانگهێشتی فەرمیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکرات سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرەستی "عومەر ئیلخانی زادە" سکرتێری گشتیی کۆمەڵەوە پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا باردۆخی ئەمڕۆی کوردستان، ئێران و ناوچەکە بەوردی تاوتوێی کران و گرینگیی کاری هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە گشتی ، بەتایبەت لەچوارچێوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە جەختی لەسەر کرایەوە.

لەو دانیشتنەدا هەر دوو لایەن، وێڕای پێداگری لەسەر بەهێزترکردنی پێوەندییەکانی نێوانیان، جەختیان لەسەر هاودەنگی و هاوهەڵوێستی لە ڕاستای بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی کردەوە.

لەم دیدارەدا دوو لایەن لەسەر بەردەوامی بە میکانیزمەکانی کاری هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەخت کرایەوە.