کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات سەردانی کۆمەڵە - سازمانی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان کرد

17:07 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی  کۆمەڵە - سازمانی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی جۆزەردان، شاندێکی حیزبی دێموکرات، بە سەرپەرەستیی بەڕێز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی کۆمەڵە - سازمانی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان کرد، کە لە لایەن  بەڕێز سەید ئیبراهیم عەلیزادە، دەبیری یەکەم و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەو حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

لەم دانیشتنەدا ئیبراهیم عەلیزادە، ڕا و بۆچوونی خۆی لەسەر ڕەوشی سیاسیی ئێران و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلانی ئێران و خەبات و تێکۆشانی هەموو چین و توێژەکانی ئێران، بەتایبەت پاش بەفرانباری ٩٦ و کارتێکەریی گەمارۆوە سیاسی و ئابوورییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی لەسەر سیستمی ئابووریی ڕێژیم دەربڕی.

ناوبراو هەروەها وتی: ئێمە بۆ ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی و دەربازبوون لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران، تەنیا ڕێگەمان گرینگیدان بە خەباتی جەماوەر و بزووتنەوە جەماوەرییەکانە و ئامادەیی خۆیانی بۆ هاوکاری لە ئاستی سەرتاسەری و لە ئاستی کوردستاندا دەربڕی.

دواتر بەڕێز مستەفا هیجری، وێڕای ئاماژە بە شاراوەنەبوونی شوێندانەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ڕەوشی شپرزی سیاسی و ئابووریی ئێران باسی لەوە کرد: ڕێبەرانی ڕێژیم هیچ ڕێگایەکیان نەماوە بێجگە لە تەسلیمبوون و ملدادان لە هەمبەر ئیرادەی نەتەوەیی.

هیجری هەروەها ئاماژەی بە ئاستی وریایی و هەستی بەرزی کۆمەڵانی خەڵک لە بەرانبەر سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمدا کرد و وتی: هاتنەمەیدانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرەستەیە.

لێپرسراوی گشتیی حیزب، هەروەها ئاماژەی بە هەوڵ و تواناکانی حیزب بۆ خەبات دژی ڕێژیم و هاوکاری و هاوخەباتیی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێران کرد و وتی: داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین، کە هاوکارییەکانمان لەسەر بنەمای خاڵە هاوبەشەکان چڕتر بکەینەوە و بۆ هەموو ئەگەرێک لە ڕەوتە سیاسییەکاندا ڕۆڵی خۆمان بگێڕین و نیشان بدەین کە گەلی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی لەم پرۆسەیەدا شوێندانەرە.

لە کۆتاییشدا هەر دوولا، بۆ پێکەوە کارکردن و هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم و هەوڵە تێرۆریستییەکانی جەختیان کردەوە.