کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە پرسەی "شێرزاد خانی کەلهوڕ"دا بەشداریی کرد

10:57 - 17 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، لە پرسەی "شێرزاد خانی کەلهوڕ"دا بەشداریی کرد و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی ئەو کەسایەتییە دەربڕی.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز، لە مزگەوتی "نانەکەلیـ"ـی هەولێر، ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی "شێرزاد خانی کەلهوڕ"، گەورە ئێڵخانی ئێڵاتی کەلهوڕ، بە بەشداریی کەسایەتییە ناسراوەکانی بنەماڵەکەی و ئێڵی کەلهوڕ بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەرپرسانی حیزبی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.

 لەم ڕێوڕەسمەدا شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "محەممەد نەزیف قادری"، بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی کرد.

شاندی حیزبی دێموکرات پەیامی هاودەردیی لێپرسراوی گشتی و ڕێبەریی حیزبی پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێز شێرزاد خانی کەلهوڕ کرد و هاوخەمیی هاوڕێیانی حیزبیی لەگەڵیان دەربڕین.

بەشداریی شاندی حیزب لەم پرسەیەدا لەگەڵ پێشوازی و سپاسگوزاریی بنەماڵەی ناوبراو ڕووبەڕوو بوویەوە.

ئێڵی کەلهوڕ یەکێک لە ئێڵە ناسراو و بە هەڵوێستەکانی نەتەوەی کوردە کە بە درێژایی مێژوو لە بەرامبەر ڕێژیمە دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەرەکانی ئێران هەڵوێستی بوێرانەیان گرتووە و داکۆکییان لە شوناسی نەتەوەیی خۆیان کردووە و شانازییان بە کورد و کوردستانەوە کردووە.