کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی "سەلاح کوێخا" بەشداریی کرد

12:54 - 10 رەزبەر 2720

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی "سەلاح کوێخا" سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی گەرمیان بەشداریی کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٠ی زایینی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی "محەممەد ئەلیاسی" نوێنەری حیزب لە دەڤەری گەرمیان، لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی "سەلاح کوێخا" تێکۆشەری ناسراوی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و باشووری کوردستان، بەشداریی کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە نوێنەرانی حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و خەلكی ناوچەکە بەشدار بوون، نوێنەری حیزب پەیامی پرسە و سەرەخۆشیی حیزبی دێموکراتی بە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو و هاوڕێیانی لە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند.

"سەلاح کوێخا" پێشمەرگەی دێرین و خەباتکارێکی خۆشناو بوو کە ڕۆژی ٢٠٢٠/٩/٢٩ بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.