کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزرانی "حیزبی شیوعیـ"ـدا بەشداریی کرد

13:29 - 9 پووشپەڕ 2721

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی ٢٨ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی "حیزبی شیوعیی کوردستانـ"ـدا بەشداریی کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "محەممەد نەزیف قادری" جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکان، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی "حیزبی شیوعیی کوردستان" سەردانی کۆمیتەی ئەو حیزبەی لە کۆیە کرد و لەلایەن هەیئەتێک بە سەرۆکایەتیی "ئەبوو کاروان"، ئەندامی سەرکردایەتی و "هیوا حەمد" بەرپرسی کۆمیتەی کۆیە پێشوازیی لێ کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار بوون، "قادری" وێڕای پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگران و ڕێبەرایەتیی حیزبی شیوعی، باسێکی کورتی لە پێوەندی لەگەڵ ڕابردووی پێوەندییەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی شیوعی پێشکەش کرد و جەختی لە سەر گرینگیی هاوکاری و هاوخەباتیی زیاتری نێوان هەر دوو حیزب لە پێوەندی لەگەڵ بابەتە سیاسی و نیشتمانییە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

هەروەها "ئەبوو کاروان"، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی شیوعی، وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی حیزب، لە چەند وتەیەکدا ڕابردووی پێوەندییەکانی نێوان هەر دوو لای بە پڕشنگدار و نموونەی پێوەندییەکی دەروەستانە و نەتەوەیی لە قەڵەم دا و جەختی لە سەر گرینگیی بەردەوامبوونی زیاتری ئەو پێوەندی و هاوکارییانە لە داهاتوودا کردەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەپکە گوڵێک بەو بۆنەوە لەلایەن "ناسر ساڵحیی ئەسڵ"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، پێشکەش بە کۆمیتەی حیزبی شیوعی لە کۆیە کرا.