شاندێکی حیزبی دێموکراتی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مەڕاسمی پێشوازی لە تەرمی دوکتور "فرسەت سۆفی" پارێزگاری هەولێردا بەشداری کرد و تاجەگوڵێنەیان لەسەر تەرمی ناوبراو دانا.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرەپەرەستیی "محەممەدساڵح قادری" بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکان، لە فڕۆکەخانەی هەولێر، پێشوازییان لە تەرمی دوکتور "فرسەت سۆفی" پارێزگاری هەولێر کرد کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانی لەدەست دابوو.
لەو مەڕاسمەدا کە بە بەشداریی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نوێنەری "مستەفا کازمی" سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوێنەرانی کۆنسولخانەکانی وڵاتانی بیانی لە هەولێر، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو، دوای پێشکەشکرانی وتاری "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وتاری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن "ڕێبەر ئەحمەد" وەزیری ناوخۆوە پێشکەش کرا.
دوای پێشکەشکرانی وتارەکان بەشداربووانی مەڕاسمەکە، تاجە گوڵی وەفا و ماڵاواییان لەسەر تەرمی دوکتور "فرسەت" دانا.
لەو مەڕاسمەدا، "محەممەدساڵح قادری"، چاوی بە کەسوکاری خوالێخۆشبوو دوکتور "فرسەت سۆفی" و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوت و ئەمەگناسی و هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ئەوان ڕاگەیاند و لەدەستدانی دوکتور "فرسەت سۆفیـ"ـی وەک خەسارێک بۆ هەموو لایەنێکی کوردستانی زانی.