کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بزوتنەووەی گۆڕان، بەشداریی کرد

16:22 - 11 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئوسلۆ کە بە نیشانەی بانگەشەی ئاشتی لە کوردستان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە دژی شەڕی نێوخۆیی رێکخرابوو، بەشداریی کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە سەرپەرەستی تووبا ئەلیاسی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتی لە وڵاتی نوروێژ لە کۆبوونەوەیەی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری ئۆسلۆ بەشداریی کرد.

ئەو کۆبوونەوەیە بە نیشانەی بانگەشەی ئاشتی لە کوردستان و ناڕەزایەتی دەربڕین بە دژی شەڕی نێوخۆیی رێکخرابوو.

لە کۆبوونەوەیەدا، پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نورو،ێژ لەلایەن عەباس نامی خوێندرایەوە.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا وێڕای مەحکو‌م‌کردنی هێرشی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شەهید کرانی پێشمەرگەیەکی حیزب، جەختی لەسەر ئەوە کرابووە کە حیزبی دێموکرات خوازیاری ئەوەیە کێشەکانی خۆی لەگەڵ پ. ک. ک لە رێگای دیالۆگەوە چارەسەر بکات و هیچ کات پ. ک. ک بە دوژمنی خۆی نازانێت و شەڕی خۆکوژی هێزە کوردیەکان لەگەڵ یەکتر تەنیا لە قازانج و بەرژەوەندی دوژمنانی گەلی کوردە.

هەروەها لەو پەیامەدا هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ نێو بژیوانی حیزبی دێموکرات و پ. ک. ک، بەرز نرخێندرا.

لە کۆتایی پەیامی کۆمیتەی حیزبدا داوا کرابوو کە هەموومان پێکەوە شەڕی نێوخۆیی ئیدانە دەکەین و رێگای دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکانمان بگرینە بەر و هەوڵ بدەین هەموو کورد و هێزە کوردستانییەکان هاوسۆزی یەکتر و یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، نەک گرفت بخەینە پێش بەرەوپێشچوونی خەباتی یەکتر.

هەروەها لە پەیامی کۆمیتەدا ئاماژە بە ٧ خاڵی گرینگی راگەیاندراوی هێزە کوردستانییەکانی نوروێژ کرا، کە لەو خاڵانەدا باس لە بانگی ئاشتی و یەکگرتوویی و ئیدانەکردنی شەڕی نێوخۆیی کرابوو و خوازیاری ئەوە بوونە کە پ .ک.ک رێز لە خەبات و سەروەری رێکخراوەکانی پاڕچەکانی دیکەی کوردستان بگرێ.