کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی "مێریـ"ـدا بەشداریی کرد

11:47 - 15 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سێمینارێکدا کە لە لایەن ئەنیستیتۆی "مێری" بەڕێوەچوو، بەشداریی کرد و لەو سێمینارەدا ڕێژیمی ئێران بە پەرەپێدانی سیاسەتی شەڕەخوازنە و پشتیوانی لە میلیشاکان، مەحکووم کرا.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، لەسەر بانگهێشتی ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MERI)، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "محەممەد نەزیف قادری"، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزب، بەشدارییان لە کۆڕی ساڵانەی "مێری" لە شاری هەولێر کرد.

سەرەتا لە لایەن هەیئەتی بەڕێوەبەریی کۆڕەکەوە بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ڕاگەیەندرا.

پاشان پڕۆفیسۆر "دلاوەر عەلائەدین" بەرپرسی مێری، پەیامێکی لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشکەش کرد.

"عەلائەدین" لە پەیامەکەدا ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکە کرد و وتی، ئەوە ئاکامی کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و هەرەسهێنانی حکوومەت لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی، نەبوونی خزمەتگوزاری، چارەسەرنەکردنی بێکاری، پەرەسەندنی گەندەڵی و بەڕێوەنەبردنی بنەماکانی دەستووری عێراقی فێدراڵ و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانە.

لەو پێوەندییەدا ناوبراو ئاماژەی بە ڕەوشی سەقامگیری هەرێمی کوردستان و پرۆژەی خزمەتگوزاریی کابینەی نۆیەم کرد کە بۆ چاکسازیی زیاتر جێی هیوایە.

هاوکات ئاماژەی بە ڕەوشی لوبنان و ئامانجی خۆپیشاندانەکان کرد و هەر لەو پێوەندییەشدا باسی ڕەوشی ئاڵۆزی سووریە و هێرشی ئەرتشی تورکیە و ئاوارەبوونی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا کرد.

لەم بەشەدا ناوبراو لە باسەکەیدا ئاماژەی بە دەوری کاریگەری ژنان و کچانی کورد لە بەرگری، سەرکردایەتیکردن، بەڕێوەبردن و فەرماندەیی شەڕەکاندا کرد و ڕایگەیاند: "شانازییە بۆ گەلی کورد کە ژنان ئاوا لە پرۆسەی سیاسیدا ڕۆڵ دەگێڕن".

دواتر چەندین پانێل لەسەر عێراق، ئامانجی خۆپیشاندانەکان و ڕێکارەکان بۆ چارەسەریی بنەڕەتی ڕێک خران.

لە پانێلەکاندا بە ئاشکرا باسی دەستێوەردانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا.

لەو سێمینارەدا خاڵێک کە زۆرتر جێی ڕەخنەی بەشداربووانی کۆڕەکە بوو، تاوانکارییەکانی ئەرتشی تورکیە و بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سیاسەتی هەڵەی "دۆناڵد ترامپ"، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بوو کە ڕێخۆشکەری هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و سووریە بوو.

لەم کۆڕەدا "محەممەد نەزیف قادری"، بەشداری بابەتی هۆکاری پەرەسەندنی شەڕەکان بوو.

"قادری" سیاسەتی نکۆڵیکردنی دەوڵەتەکانی ناوچە لە شوناس و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، گەندەڵی و دەستاودەست نەکردنی دەسەڵات، دەرفەت نەڕەخساندن بۆ دامەزراوە سیاسی و مەدەنییەکان، نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاریی بە هۆکارەکانی ئاڵۆزبوونی ناوچەکە ناو برد.

شاندی حیزبی دێموکرات لەو سێمینارەدا لەگەڵ دەیان کەس لە کەسایەتییە عەرەب و بیانییەکان، نوێنەرانی سیاسی و دیپلۆماتکارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، چاوپێکەوتنیان کرد.

شاندی حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا، بەشداربووانیان لە دۆخی سیاسیی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاگادار کردەوە.

لەم سێمینارەدا هەیئەتێکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەشدار بوون و لە پانێلێکدا وێڕای باسکردنی کۆمەڵێک باسی بێبنەما، لە بەرامبەر ڕەخنەی ئەندامانی شاندە عەرەبییەکان که بەتوندی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و میلیشیاکانی ئەوانیان بە هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق زانی و داوای کشانەوەی بەکرێگیراوانی ئەوانیان لە ناوچەکەدا کرد، بە ڕووهەڵماڵراوییەوە وتی: "ئێمە لەسەر داوای حکوومەتەکانی ناوچە هاتووین و لە بەرامبەر داعش و گرووپەکانی دیکەدا هاوکاریمان کردووە".

سەرەڕای ئەو چەواشەکارییانەی شاندی ڕێژیم، کەشی زاڵ بەسەر کۆڕەکەدا، مەحکوومکردنی ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی تورکیە بوو و قسەکانیان وەکوو پاساوهێنانەوە بۆ دەربازبوون لە تاوانەکانیان باسی لێوە کرا.