کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ٢٧ـەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئەمریکا بەشداریی کرد

16:02 - 22 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: ئەم کۆنفڕانسەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئەمریکا لەژێر دروشمی یەکیەتیی کورد لەبەردەم مەترسییەکانی ئێستا و داهاتوودا دەستی پێکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، ٢٧ـەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە باکووری ئەمریکا لە شاری تۆرنتۆ بە بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

12313.jpg

کۆنفڕانسی ئەمساڵی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لەژێر دروشمی یەکیەتی کورد لەبەردەم مەترسییەکانی ئێستا و داهاتوودا دەستی پێکرد لەو کۆنفڕانسەدا چەندین باسی پێوەندیدار بە میدیا، مافی مرۆڤ و کۆچبەران و ڕوانگەی لایەنەکان هاتنە بەرباس و تاوتۆی کردن.

لە بەشی ڕوانگەی ڕێکخراو و لایەنەکان، شەریف بێهروز بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕۆژهەڵاتی کانادا وتارێکی لە چوارچێوەی دروشمی کۆنفڕانسەکەدا پێشکەش کرد.

بێهروز باسی لە بوونی هێندێک سیمبولی نەتەوەیی بۆ یەکیەتیی نەتەوەیی کرد کە ئاڵا و سروودی نیشتمانی، دوو لەو سیمبولە هەرە گرینگانەن کە دەبنە پێناسەی هەر نەتەوەیەک و پێویستە هەموو لایەنەکان و پارچەکانی کوردستان لە سەری ڕێککەون.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە بوونی گوتاری سیاسیی یەکگرتوو و هێزی بەرگریی یەکگرتوو وەک دوو بناغەی ئەساسی و گرینگی یەکیەتیی نەتەوەیی لە بەشەکانی کوردستان کرد و هەروەها ڕایگەیاند کە درێژەی ئاڵۆزیی سیاسی لە نێو لایەنەکانی سیاسی کورد لە گشت بەشەکانی کوردستان دووبەرەکی و دابڕاویی هێزی بەرگری و پێشمەرگەشی لێ‏دەکەوێتەوە کە لە کاتی ئێستادا ئێمە وەک نەتەوەیەک لە هەموو کاتەکان زیاتر پێویستیمان بە یەکگرتووییە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسەدا، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامریکا و جەیسن کەنی وەزیری بەرگریی کانادا کۆمەڵێک باسی پێوەندیداریان بە ناوچەکە، ئێران و کوردستان پێشکەش کرد.

لە میانەی کۆبوونەوەکاندا شاندی حیزبی دێموکرات لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی و بەشدارانی کۆنفڕانسەکە ئاڵوگۆڕێ ڕاوبۆچوونیان کرد.

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی نیشتمانپەروەر بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی کورد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزراوە و هەموو ساڵێک کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی بەڕێوە دەبات.