کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی "حیزبی شیوعیی کوردستانـ"ـیان کرد

11:58 - 28 خەزەڵوەر 2721

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی بە سەرپەرەستیی ''مستەفا هیجری'' لێپرسراوی گشتیی حیزب سەردانی "حیزبی شیوعی کوردستانـ"ـیان کرد و لەلایەن وەفدێکی حیزبی شیوعی بە سەرپەرەستیی دوکتور ''کاوە مەحموود'' سکرتێری کۆمیتەی ناوەندییەوە پێشوازییان لێ کرا.

سەرەتای دیدارەکە بەڕێز "هیجری" پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی حەوتەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعی و دووبارە هەڵبژێردرانەوەی بەڕێز دوکتور کاوە بە سکرتێری حیزبی شیوعی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بە ئاوات خواستن.

پاشان دوکتور "کاوە مەحموود" وێڕای سپاس لە شاندی حیزبی دێموکرات پەیوەندیی دۆستانەی هەر دوو لایەنی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی بە پڕەنسیپ ڕۆڵی کاریگەری لە پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستاندا هەبووە و هەیە.

لە دانیشتنەکەدا هەر دوو لایەن دوایین ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچەکە و بە تایبەت لە هەر دوو بەشی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتیان تاوتوێ کرد و پێویستیی یەکگوتاری و یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان بە ئەرکێکی هەنووکەیی زانی.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن جەختیان لەسەر پتەوترکردن و بەهێزترکردنەوەی پەیوەندیی دۆستانەی نێوانیان کردەوە.