کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گۆنگرەی چوارەمی حیزبی تەزامون دێموکراتیکی ئەهوازدا بەشداری کرد

14:29 - 4 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبی تەزامون دێموکراتیکی ئەهوازدا (حزب التضامن الدیمقراطی الاهوازی) بەشداری کرد و لەو کۆنگرەیەدا پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە سلێمان مورادیان، ڕەحمەت درەخشانی و پیرۆت ئازادیخا، لەسەر داوای فەرمیی حیزبی تەزامون دێموکراتی ئەهواز لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبەدا بەشدارییان کرد.

لەم کۆنگرەیەدا زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ئێران بەشدار بوون. پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە لە لایەن سلێمان مورادیان، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا خۆیندرایەوە.

ناوبراو لە پەیامەکەی حیزبی دێموکراتدا باسی لە گرینگیی و هەل‌ومەرجی گرتنی کۆنگرەکە کرد بەوپێیەی کە ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی چاوەڕوان‏نەکراو بەدی دەکرێن.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هیوای خواست کە کۆنگرەکەیان بۆ بەرەوپێش‌بردنی زیاتری خواستی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدرال هەنگاو هەڵبگرن و پەرە بە هاوکاری و پێوەندییەکانی نێوانیان بدەن.

سلێمان مورادیان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی حیزبدا، وێڕای دووپات کردنەوەی سەرخۆشیی‌ حیزبی دێموکرات بە بۆنەی کۆچی‌دوایی عەدنان سەلمان سکرتێری گشتیی ئەوحیزبە، هیوای خواست کە کۆنگرەکەیان بتوانێ درێژەدەری ڕێگای کاک سەلمان بێت و بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی عەرەبەستان لە ئێران لە خەبات بەردەوام بن.