کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد

13:36 - 26 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی چەند حیزبی ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی جۆزەردان، شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی چەند حیزبی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرستیی "شاهۆز حەسەن"، هاوسەرۆکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک (پەیەدە)، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێک بە سەرپەرستیی "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە، پێشوازییان لێ کرا.

لەم دیدارەی شاندی حیزبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەیئەتی حیزبی دێموکراتدا، باس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە پرسی کورد تاوتوێ کران.

لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، "شاهۆز حەسەن"، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لەو چاوپێکەوتنەیە، سپاس و پێزانینی خۆی و شاندی هاوڕێی بە بۆنەی پێشوازیی گەرمی حیزبی دێموکرات، دەربڕی.

پاشان ناوبراو، باسێکی لەسەر سەرکەوتنەکانی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژ بە تێرۆر و هەروەها پرۆسەی سیاسی لە باکووری کوردستان پێشکەش کرد. هەروەها لە درێژەدا ئاماژەی بە هەڕەشەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بۆ سەر نەتەوەی کورد بەگشتی کرد و پێی وابوو کە ئاڵوگۆڕەکانی ئێران دەتوانێت دەرفەتێکی باش بۆ بزووتنەوەی کورد لەم پارچەیەدا بڕەخسێنێت.

"شاهۆز حەسەن" جەختی کردەوە کە دۆخی ئێستای ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ئەوە دەخوازێت کە حیزب و ڕێکخراوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە یەکگرتوویی و یەکیەتییەکی نەتەوەیی بەهێزەوە لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا بووەستن.

دواتر، "مستەفا هیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرکەوتنەکانی کوردی لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، بەتایبەتی لە شەڕ دژ بە تێرۆردا بەرز نرخاند. ناوبراو هەروەها جەختی لەسەرپێویستیی ناسینی خاڵە لاوازەکان و کەموکۆڕییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "نابێ ڕێگە بدەین دوژمنانی نەتەوەکەمان بە قۆستنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی کورد، ڕیزەکانمان تووشی لێکترازان و دووبەرەکی بکەن."

لە درێژەی دیدارەکەدا، نوێنەرانی هەر کام لە لایەنەکانی دیکەش، ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر باس و بابەتەکان خستە ڕوو.

لە کۆتاییشدا وەفدەکانی هەر دوو لا، جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هاوکاری و هاوهەڵوێستی کردەوە و پێداگرییان لەسەر پێویستیی درێژەدان بە دیدار و چاوپێکەوتنەکان بە مەبەستی لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کردەوە.

شاندی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەم دیدارەدا، پێک هاتبوون لە:

"شاهۆز حەسەن"، هاوسەرۆکی پارتی یەکیەتیی دێمۆکراتیک (پەیەدە)

"جەمال شێخ باقی"، سەرۆکی پارتی دێمۆکراتی کوردی سووریە

"موحەمەد مووسا"، سکرتێری پارتی چەپی سووریە

"مستەفا مەشایخ"، جێگری سەرۆکی پارتی یەکیەتیی دێموکرات

"فەتحوڵڵا حسێنی"، نوێنەری پارتی چەپی سووریە لە باشووری کوردستان

"هەڤاڵ هووشەنگ"، نوێنەری مەجلیسی ڕۆژئاوا

"سولەیمان عەرەب"، نوێنەری پەیەدە لە باشووری کوردستان

"جیهان خەلیل"، نوێنەری کۆنگرەیا ستار لە باشووری کوردستان