کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی سیاسیی وڵاتی هۆلەند سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد

12:34 - 8 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی سیاسیی وڵاتی هۆلەند، سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد و سەبارەت بە چەندین بابەتی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ ڕەوشی سیاسیی ئێران و بەرنامەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وتووێژیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، شاندێکی سیاسیی هۆلەندی سەردانی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد کە لە لایەن" محەممەدنەزیف قادری"، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتەوە، پێشوازییان لێ کرا.

لەو سەردانەدا، شاندی هۆلەندی، پێکهاتوو لە "تیجس برۆیککەمپ" و "بارت بیتس"،  کۆمەڵێک باس و بابەتیان وەک ئامانجی سەفەرەکەیان باس کرد و لە پێوەندی لەگەڵ چەندین بابەتی سیاسیدا، کۆمەڵێک پرسیاریان ئاراستەی جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب کرد.

بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکرات لەم دانیشتنەدا، بەوردی لەسەر ڕەوشی سیاسیی ئێران، پرسی کورد، ڕەوشی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و کوردستانی ئێران، هاوکاریی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەرنامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قسەی کرد و وڵامی شاندی میوانی دایەوە.