کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی هاک پار و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاوپێکەوتنیان کرد

17:23 - 15 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی هاک پار سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازیی لێکرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی هاک پار بە سەرپەرستی بایرام بوزئیل سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبەوە، پێشوازیی لێکرا.

و لەو دانیشتنەدا بایرام بوزئیل وتی: ئێمە بۆ سەر كردنەوەی ئاوارەكانی شنگال سەفەری باشووری كوردستانمان لە شاری دهۆك ‌و دەوروبەری هەولێر كردووە ‌و لەگەڵ چەند لایەنی مرۆڤ‌دۆست ‌و رێكخراوی یارمەتی‌دەر لە بواری كار‌وباری مرۆڤایەتیدا پێوەندیمان گرتووە کە بە هانای ئاوارەكانەوە بێن.

هەروەها سەرپەرەستی شاندی هاک پار ئاماژەی بە هەڵویستی بەجێ ‌و سیاسیی حیزبی دێموكرات لە پێوەندی بە هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و بەشداری هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە بەرەكانی شەڕی دژی داعش كرد ‌و دەستخۆشی لە حیزبی دێموكرات كرد‌ و ‌وتی: ئەوە هەڵویستێكی نەتەوەیی ‌و میژوویییە.

بایرام بوزئیل لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان ‌و ئاستنگەكانی سەر رێگای ئەو پرۆسەیە ‌و هەوڵەكانی خۆیان بۆ وەدیهێنانی ماف ‌و داخوازییەكانی كورد لە باكووری كوردستان كرد.

بوزئیل هەروەها لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا رەوشی رۆژئاوای كوردستانی شرۆڤە کرد.

دواتر محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات خۆشحاڵی حیزبی دێموکراتی لەمەڕ سەردانی هاک پار دەربڕی ‌و لەسەر ئەو باس ‌و بابەتانەی کە هەیئەتی هاك پار باسیان لێوە كرد، را‌وبۆچوونی حیزبی دێموكراتی باس كرد‌ و لەسەر رۆژهەلاتی كوردستان‌ و حەشیمەتی كورد لە ئێران ‌و پێكهاتەكانی، روونكردنەوەیان دا.

محەممەد نەزیف قادری لە درێژەی وتەکانیدا سەبارەت بە خەبات ‌و تێكۆشانی حیزب لە بواری نێوخۆیی ‌و نێونەتەوەیی ‌و هاوخەباتی لەگەڵ حیزب ‌و رێكخراوە سیاسییەكانی نەتەوەكانی ئێران ‌و پێكهاتنی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ ‌و هاوكاری لەگەڵ ئۆپۆزسیونی سەرتاسەری ئێران كە بۆ دێموكراسی ‌و نیزامێكی دێموكراتیك خەبات دەكەن قسەی كرد.

لە بەشی کۆتایی ئەو چاوپێکەوتنەدا بەشدارانی كۆبوونەوەكە سەرنج‌ و تێبینیەكانی خۆیانیان باس كرد.