کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەشداری لە سمیناریکی تایبەت بە ٨ی مارس کرد

11:41 - 20 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس لە سمیناریکی تایبەت بە ٨ی مارس بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمە ، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەوڵاتی سویس بەسەرپەرەستی ''ئەنوەر بەردیا ''بەرپرسی گشتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات  لەو وڵاتە لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە سمینارێکی تایبەت بە ۸ی مارس دا بەشداریکرد.

سەرەتا سمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان  دەستی پێکرد.

لە بەشی یەکەمی ئەو سمینارەدا "فەریبا موحەممەدی"، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەت کێشان، وتارێکی لەسەر دۆخی ژنان لە کوردستان و ئێران پێشکەش بە بەشدار بووان کرد.

لە بەشی دووهەمی ئەم سمینارەدا، ''ئەنوەربەردیا'' بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس وتارێکی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد. کە لەسەرەتای قسەکانیدا وتی: "وەک دەزانن ژنان لە هەموو وڵاتانی دنیا و بە تایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ڕۆڵیکی بەڕچاویان لە گەیشتن بە مافەکانیان هەبووە، ئەم ڕۆڵەی کە ژنان لەوڵاتانی دونیا لە خۆیان نیشانداوە، ساڵانیکی دوور و درێژە لە وڵات و نیشتمانی ئێمە بوونی هەبووە و ئێستاش هەیە".

بەردیا هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "وەک دەزانن ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو نموونەی ژنانی تێکۆشەر و ماندوونەناسمان زۆرە، کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو تەمەنی خۆیان لە پێناو جوڵانەوەکانی کوردستان تەرخان کردووە، ئێمە کەسانی وەک (کلارا زێتلین)مان زۆرە، کەسانێک کە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەل و نیشتمان و مافی ژنان تێکۆشاون. ئێستاش لە شۆڕشدا بوونیان هەیە".

 بەردیا لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا وتی: "خوشکە "گوڵێ ئیبڕاهیمی و هەڵمەت کەماڵی" نموونەی ئەو ژنە قارەمان و خەباتکار و شۆڕشگێرانەی کوردن کە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تێکەڵ بە خەباتی پێشمەرگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و هەتا ئێستاش بەردەوامن".

بەردیا قسەکانی بە وتەیەکی بەنرخی شەهید دوکتۆر قاسملووی ڕێبەر کۆتایی پێهێنا و وتی: شەهید دوکتۆر قاسملوو ڕستەیەکی مێژوویی هەیە دەفەرمێت "چۆن خەبات بۆ بەدیهێنانی خودموختاری ڕێیەکی دوور و درێژە و خەبات و تێکۆشانی زۆری دەوێت، خەبات بۆ ئازادی ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان لەوەش دوور و درێژترە و ماندووبوونی زۆر زیاتری دەوێت".