کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، لە وڵاتی ئوتریش، لە یادی شەهیدانی ١٢ی ئازار بەشداری کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری ڤییەن، بە سەرپەرەستیی ئەرسەلان جەودەت، لە یادی شەهیدانی قامیشلوو (١٢ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی) بەشداری کرد.
ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا، ڕێورەسمێکی بە بۆنەی ١٥هەمین ساڵیادی شەهیدانی سەرهەڵدانی قامیشلوو لە شاری ڤییەن، لە وڵاتی ئوتریش پێک هێنا و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە فەرمی بۆ ئەو مەراسیمە بانگهێشت کرابوو، بەشداری تێدا کرد.
لەم ڕێوڕەسمەدا، ئەرسەلان جەودەت وەک نوێنەری حیزبی دێموکرات، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەتی شەهیدانی ١٢ی ئازار لە شاری قامیشلوو، پێداگری لەسەر پشتگیریی حیزبی دێموکرات لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان کردەوە.
شایانی باسە ١٢ی ئازاری ٢٠٠٤ی زایینی، لەشاری قامیشلوو، هێزە سەرکوتکەرەکانی بەشار ئەسەد، هێرشیان کردە سەر یاریگەی ئەو شارە و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ٣٤ شەهید و زیاتر لە ٢٠٠ برینداری لێ کەوتەوە و لە ڕۆژانی دوای ئەو کارەساتەشدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەسبەسەر کران .