کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لە بلژیک بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان پارتە کوردستانییەکاندا کرد

13:40 - 22 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەشی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە بلژیک نوێنەرانی ٩ پارتی سیاسیی کوردی لە شاری ئانتوێرپێن کۆبوونەوە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک بە سەرپەرستی ئیبراهیم خودامورادی، بەرپرسی کۆمیتە لەو دانیشتنەدا بەشداریی کرد.
کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی پێ کرد و پاشان ناوەڕۆکی یەکەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەو هێز و لایەنانە خرایە بەرباس و پاش تێبینی نوێنەرانی بەشدار، کۆبوونەوەکە ‌بە شێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد.
لەو دانیشتنەدا هەر یەک لە نوێنەرانی ئەو هێزە سیاسییانەی کوردستان لە بلژیک، پێکهێنانی کۆمیتە و دەزگایەکی بەم چەشنەیان بۆ هاوکاری و هاوخەباتی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی بە گرینگ زانی و هەموو لایەنەکان ئامادە بوونی خۆیان دەربڕی کە درێژە بە کۆبوونەوە و دیالۆگ لە پێناو پێکهێنانی ئەو دەزگایە بدەن.
بەشدارانی کۆبوونەوە رێککەوتن کە نەورۆزی ئەمساڵ بە هاوبەشی بگیردرێت و‌لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو کۆمیتە هاوبەشە هەڵسەنگێنن و هەروەها داوا لە نوێنەرایەتی هەموو پارتە سیاسییەکانی کوردی لە بلژیک بکەن کە لەم هەنگاوەدا بەشدار بن هەتا رێککەوتنەکە بەرفراوانتر بکرێت.
هێزە سیاسییەکانی بەشداری کۆبوونەوەکە:

ــ لیژنەی ناوچەی بلژیکای پارتی دێمۆکراتی کوردستان

ــ کۆمیتەی رێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

ــ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی بلژیک

ــ پارتی یەکیتیی دێموکراتی کورد لە سووریە

ــ پارتی دێمۆکراتی کورد لە سووریە، ئەلپارتی

ــ پارتی دێمۆکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە

ــ پارتی دێمۆکراتی کورد لە سووریە

ــ پارتی یەکیەتیی کورد لە سووریە