کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

19:15 - 1 گەلاوێژ 2720

لە دیداری نێوان شاندەکانی "یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان" و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دوایین ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی پێوەندیدار تاوتوێ کرا.

 ڕۆژی چوارشەممە ١ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، هەیئەتێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرەستیی "ئەبوو زەید ساڵح"، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکیەتی، سەردانی نووسینگەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی "محەممەد نەزیف قادری"، جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبەوە پێشوازیی لێ کرا.

لە سەرەتای ئەو دیدارەدا "قادری" وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان و سپاس و پێزانین بۆ هاوکاری و کارئاسانییەکانی ئیدارات و بەرپرسانی حیزبی و حکوومەتیی یەکیەتی لەگەڵ ئەندامانی حیزب لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، جەختی لەسەر پێویستیی هاوئاهەنگیی بە کردەوەی زیاتر و ڕاگۆڕینەوەی بەردەوام لەنێوان هەردوو لادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخە نەخوازراوەکان کردەوە.

"قادری" لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە کۆمەڵێک بابەتی پێوەندیدار بە بارودۆخی هەستیاری هەنووکەی ناوچەکە و دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستە وەک هەمیشە ڕۆحی هاوکاری و یەکیەتیی نەتەوەیی باڵ بەسەر پێوەندییەکانی نێوانی هەموو لایەنەکانی باشووری کوردستاندا بکێشێت و کاری هاوبەشی زیاتر بکرێت بۆ دەربازبوون لەو کێشە و قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییانە کە هەڕەشە لە ئەمنییەت و یەکڕیزیی نیشتمانیی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات.

جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب هەروەها لە درێژەدا باسێکی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی نێوخۆیی ئێران و قەیرانی قووڵی نێوخۆیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکاندا و بارودۆخی نەتەوە ستەملێکراوەکان و ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵک لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و هەروەها بارودۆخی خەڵک و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد. لەو پێوەندییەدا بەڕێزیان ئاماژەی بە هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پێکهێنانی هاوکاری و هاوخەباتیی بەکردەوە لەنێو لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەروەها لایەنە کوردستانییەکان لە بەرامبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کرد.

پاشان "ئەبوو زەید ساڵح" وێڕای ئاماژە بە پێوەندیی مێژوویی نێوان هەر دوو لا و ڕۆڵی دوکتور قاسملوو و مام جەلال لە دانانی بەردی بناغەی ئەو پێوەندییەدا، پێداگریی لەسەر پێویستیی درێژەدانی ئەو پێوەندی و دۆستایەتییە کردەوە و هاوئاهەنگیی نێوان حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی نیشتمانیی بە فاکتەرێکی گرینگ بۆ پەرەپێدان و پاراستنی یەکڕیزیی نەتەوەیی لە ئاستی هەموو کوردستاندا زانی. بەڕێزیان هەروەها بە ئاماژەکردن بە بارودۆخی نێوخۆیی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڕەشە و دەستێوەردانە دەرەکییەکان بەتایبەتی لەلایەن ئێران و تورکیەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەسەڵات و ئەزموونی ئێستای هەرێم موڵکی هەموو نەتەوەی کوردە و هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش لەو هەرێمەدا مافی خاوەندارێتییان هەیە.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن وێڕای بە ئەرێنی هەڵسەنگاندنی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لەو چەشنە، پێداگرییان لەسەر هاوکاری و هاوئاهەنگیی هەرچی زیاتری نێوانیان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و یەکخستنی زیاتری نێو ماڵی کورد کردەوە.