کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی حیزبی دێموكرات لە كۆبوونەوەیەكی پارتی سوسیالیستی سوویس‌دا بەشداریی کرد

22:09 - 22 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: لەسەر بانگهێشتی پارتی سوسیالیستی سوویس، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەو پارتەدا بەشدارییان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس، پێكھاتوو لە بابان ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی كومیتەی حیزبی دێموکرات، ڕامیار خادەمی بەرپرسی كومیتەی یەكیەتیی لاوان لە وڵاتی سوویس و شاھۆ تەیمووری بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی یەكیەتیی لاوان لە وڵاتی سوویس، بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

ئەو كۆبوونەوەیە بە مەبەستی زیاتر ڕوونكردنەوە لە سەر سیاسەتەكانی پارتی گەلی سوویسی (اس،ڤاو،پ) كە حیزبێكی ڕاستڕەوە و لە ماوەی ڕابردوودا بەرنامەیەكی خستووەتە ڕوو كە ھەر كەسێكی بیانی كە لە وڵاتی سوویس تووشی تاوانێك بێت، دەبیت ئەو كەسە بۆ وڵاتی خۆی بەڕێ بكرێتەوە، سەرەڕای ئەوەیكە تەنانەت ئەگەر ئەو كەسە لە وڵاتی سوویسیش لەدایك بووبێت، ھەر بۆیە ئەو بەرنامەیە خۆی لە خۆیدا دژی یاساكانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت ماڤی مناڵانە كە ماوەیەكە بووەتە ھۆی نیگەرانیی و ڕێكخراوە مرۆڤ دۆستەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردوە.

بۆ ئەم مەبەستە پارتی سووسیالیستی سوویس كە دووھەمین پارتی دەسەڵاتدارە لە پارلمانی ئەو وڵاتەدا، ھەڵمەتێكی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو سیاسەتە لە چوارچێوەی كۆڕ و كۆبوونەوە لە گەڵ نوێنەران و كەسایەتییەكانی ئەو نەتەوانەی كە لە وڵاتی سوویس دەژین دەستپێكردوە.