کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی پەیوەندییەكانی حدكا، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی دانماركی كرد

16:55 - 24 پووشپەڕ 2716

كوردستان میدیا: شاندێكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارك سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیان كرد.

رۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، شاندێكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی حیزب لە وڵاتی دانمارك بە سەرپەرەستیی سەعید سوڵتانپوور بەرپرسی پەیوەندییەكانی حیزب لەو وڵاتە و هاورێیەتیی حاتەم جەهانگیری سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیان كرد .

لەو سەردانەدا شاندی حیزب لە گەڵ بەرێز مەتیەس وا بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقای باكوور و مەلتی موولێر بەرپرسی بەشی ئێران و عێراق كۆ بوونەوە.

لەو سەردانەدا لە سەر داوای مەتیەس وا، نۆێنەری حیزب بە وردی تیشكی خستە سەر مێژووی جووڵانەوەی كورد لە ڕۆژهەڵات و مێژووی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و باسی لە قۆناغە مێژووییەكانی خەباتی ئەو حیزبە لە سەرەتاوە تا ئێستا كرد.

سەعید سوڵتانپوور لەو سەردانەدا باسی لە زەخت و زۆری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد و ئاماژەی بە كوشتن و گرتنی جیابیران و لایەنگرانی ئەحزابی كوردی لە ناو زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا كرد.

نوێنەری حیزب هەروەها تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئابووریی خەڵكی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و بە وردی باسی لە كوشتنی كۆڵبەرانی كورد لە سەر سنوورەكان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە ئەو كوشتنانە بە شێوەی سیستماتیك بەڕێوە دەچن و كەس لە هەمبەر گیانی ئەو كۆڵبەرانەدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و لە كوردستانی ئێران میلیتاریزە كردنی كوردستان پەرەی زیاتری ستاندووە.

لە درێژەدا سوڵتانپوور لە سەر قۆناغی ئێستای خەباتی حیزبی دێموكرات لە ناو جەرگەی كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا كرد و باسی لە چوونەوەی هێزەكانی حیزب بۆ سەر سنوورەكان و هەبوونی پێشمەرگە لە ناوخۆی كوردستانی ڕۆژهەڵات كرد و هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە ئەو خەباتە بەرفراوانتر لەوەی ئێستا دەكرێت و خەباتی شار و شاخ بە یەكەوە گرێ دەدرێت.

نوێنەری حیزب هەروەها وێڕای باسكردن لە شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی ئەم دواییانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئاماژەی بە هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ژن و منداڵی پێشمەرگەكانی كوردستانی رۆژهەڵات لە ناو كەمپەكانی باشووری كوردستان كرد و ئاماژەی بە تیرۆری نزیك بە ٣٠٠ كادر و پێشمەرگەی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشووری كوردستاندا و هەروەها هێرشی هێزەكانی رێژیم لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ سەر بنكەكانی حیزبی دێموكرات لە شاری كۆیە كرد.

لە كۆتایی ئەو دانیشتنەدا بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی دانمارك وێڕای دەربڕینی پێخۆشبوونی خۆیان لەو كۆبوونەوەیە، سپاسی شاندی حیزبی دێموكراتیان كرد و هیوایان خواست كە ئەو چاوپێكەوتنانە درێژەیان هەبێ.