کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شانۆگەریی مانۆڕی سەربازیی سپای پاسداران لە کوردستان

10:48 - 17 رەزبەر 2718

کاوە بەهرامی

لە حەوتووی ڕابردوودا، ڕێژیم سپای پاسدارانی وەک پارێزەری سیستمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی، راسپاردووە مانۆڕێک لە کوردستان بەرێوە ببەن. بەپێی هەموو پێوانەیەکی نیزامی ڕێژیمەکان مانۆڕ لە هەلومەرجی ئەگەری شەڕ لەگەڵ وڵاتێک بەمەبەستی تاقیکاری و خۆڕێکخستنی سەربازیی دژی وڵاتی بەرامبەر بەڕێوە دەبەن. پرسیار ئەوەیە لەم هەلومەرجەدا بۆ رێژیم لە کوردستان مانۆڕی سەربازیی ئەنجام دەدات؟ هۆکاری مانۆڕی سەربازیی لەم هەلومەرجەدا چییە؟ ئایا کاریگەریی لەسەر خەڵکی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ دژایەتیی سیستم دادەنێ؟ ئایا بە هەڕەشە و تۆپ و مووشەکباران و مانۆڕی هێزی سەربازی، ڕاسان ڕادەوەستێت؟

خەبات و تێکۆشانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و پشتیوانیی بەردەوامی خەڵک لەم شۆڕشە هەقخوازنەیە، خەونەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی ئەم بزاڤە خەڵکویستە، کردووەتە بڵقی سەرئاو. شەڕ بۆ کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجە دژوارەکاندا، یەکێک لە خاڵە بەهێزکانە کە خەڵکانێک هان دەدا لە ڕووی ئیدئۆلۆژی و مەزهەبییەوە لە شەڕی سونی و شێعەوە بگرە هەتا دوایی لەژێر ناوی دژایەتی لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامی  کۆیان دەکاتەوە و تەنووری پڕوپاگەندەی پێ داغ دەکا. ئێستا کۆماری ئیسلامی پاش چل ساڵ تێپەڕبوون لە شۆڕشی گەلانی ئێران هێشتا نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان دژی حیزبە کوردییەکان هان بدا و سیاسەت و ویستی خۆی لە کوردستان بەرێوە ببات، مانگرتنی ٢١ی خەرمانان وڵامێکی بەهێز و یەکگرتووانە ڕوو بە کۆماری ئیسلامی و بیروڕای گشتی بوو.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی ئەوەیە کە دەیەوێ ورەی سیخوڕە بەکرێگیراوەکانی لە کوردستان بەرێتە سەرێ و لە لایەکی دیکەوە بە لەبەرچاوگرتنی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە بۆمباران  و مووشەک ناردن و کەڵکوەرگرتن لە چەکی هەناردەکراوی وڵاتان وا بنوێنێ کە لە بواری نیزامییەوە بەهێزە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە دەستپێکردنی ڕاسان لە سێ ساڵی ڕابردوو بە دەستپێشخەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی کوردستان  بە هێز و گڕوتینێکی نوێ، بەتینتر لەجاران هاتوونەتە مەیدان و هاوکاری و پشتگیریی کچان و کوڕانی پێشمەرگە دەکەن، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین هۆکاری مانۆڕی سەربازیی لەم هەلومەرجەدا ئاوچاوگرتنی خەڵکی کوردستان لە لایەک و نیشاندانی دیمەنی سەربازیی بەهێزی خۆی بە بیروڕای گشتی لە لایەکی دیکەوەیە. غافڵ لەوەیە کە لە شاخەکانی شاهۆ، نەکەرۆز، زاگرۆس، ئاربابا، چلچەمە، گیاڕەنگ، قەندیل، ئاگری، تەرەغە و ... سەنگەری لەگیراننەهاتووی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و ئەوان بە هێزی چەکی تێکنۆلۆژیاوە ناتوانن ڕووبەڕووی چەکی بڕوا و کۆڵنەدان و لەخۆبردوویی، چەک و چیا و پێشمەرگە و هێزی بەهێزی خەڵک ببنەوە.

کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی لە هەموو بوارەکاندا فەشلی هێناوە و دەیەوێت بە مانۆڕی شانۆگەریی، سەرنجی بیروڕای نێوخۆ و دەرەوە بۆ لای خۆی ڕاکێشێ. میلیتاریزەکردنی سەربازیی کوردستان، ئێعدام، داگیرکاریی کوردستان، زیندان، کوشتنی کۆڵبەر و کرێکار، بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و پەرەپێدانی فەحشا هیچیان لەسەر کوردستانی خۆڕاگر کاریگەر نەبوون و لەم سێ ساڵەی دواییدا ڕاسان بە ئیرادەی هەمەلایەنەی کادر و پێشمەرگە و بە پلانی ڕێکخستنی، نیزامی، دیپلۆماسی و سیاسی توانی کاریگەریی باش لەسەر بیروڕای کوردستان دابنێ و ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە ڕێژیم بڵاوی دەکردەوە،کردیە بڵقی سەر ئاو. ئێستا ڕاسان بووەتە خەباتی شار و شاخ. شار و گوند و شاخەکانی کوردستان پشت بەیەک بۆ بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، شەقام و گوندەکان دەکەنە سەنگەری خۆڕاگری و بەرخۆدان.

ڕێژیم دەبێ کوردستان بەجێ بێڵێت، پێشمەرگە هەردەم پارێزەری کوردستان و باسکی بەهێزی گەل دەبێ. مانۆڕ و کردەوە سەربازییەکانیش لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، هەر وەکوو شانۆگەرییەک چاویان لێ دەکرێ. تا سەرکەوتن و ڕووخانی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی، خەبات بەردەوامە.