کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییەکی قوتابخانەی دێموکرات بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا

18:06 - 16 خەرمانان 2721

تەرمی شەهید "عوسمان مستەفاپوور" تێکۆشەر و پێشمەرگەی خۆڕاگری نەتەوەی کورد لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، تەرمی شەهید "عوسمان مستەفاپوور" پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەی ناوبراو و بنەماڵەکانی حیزبی لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاک ئەسپێردرا.

هاوڕێ عوسمان مستەفا پوور کوڕی حوسێن  لەدایکبووی ١٣٤٦ی هەتاوی خەڵکی گوندی "کاسەکەرانـ"ـی ناوچەی پیرانی پیرانشارە. ناوبراو، لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەچێتە قوتابخانە و تا پۆلی سێهەمی  ناوەندی درێژە بە خوێندن دەدا.

بە هاتنە ئارای گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیی دەسەڵاتداری ئێراندا و، هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دەرکەوتنی ڕووی ڕاستیی ئەو بێچمە دەسەڵاتە و  هەروەها، سەرهەڵدانی خەباتی نوێی کورد بۆ وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی، هاوڕێ عوسمان مستەفاپوور لە ساڵی ١٣٦٤ ڕوو دەکاتە ڕیزەکانی حیزب و لە هێزی قەندیل سازمان دەدرێ.

هاوڕێ عوسمان لە ساڵی  ١٣٦٧ بۆ مەئموورییەتێکی دیاریکراو دەچێتە هێزی ئاگری و ساڵی ١٣٧٠ لە گەڕانەوە لە مەئمووریەتێکی شاری "ورمێـ"ـدا کەوتنە بۆسەی هێزەکانی  دوژمن  و دوای شەڕێکی قارەمانانە، بە دیل دەگیرێ و دوای ٢٨ ساڵ بەربەرەکانێ و بەرخودان  لە بەرانبەر جەللادەکان و ئەشکەنجەگەرانی کۆماری ئیسلامی، دەگەڕیتەوە ڕیزەکانی پیشمەرگەی کوردستان و تا کاتی شەهیدبوونی دڵسۆزتر و ئۆگرانەتر لە جاران درێژە بە ئەرکەکانی حیزبی و نیشتمانیی دا.

هاوڕێی خەباتگێڕ و تێکۆشەر شەهید عوسمان مستەفاپوور پیشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ  و خەمخۆری گەلەکەی بوو، تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە و تێکۆشانی بێ وچانی  لەو ماوەیەدا کە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بوو بە وێردی زمانی هەمووان و پاش گەڕانەوەی ڕیزی شۆڕشگێڕانی دێموکرات بە هەناسەیەکی گەرمەوە دەست بە خەبات و تێکۆشان کرد، هەر بۆیە لەلایەن دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان  پلەی کادری نیزامی پێدرا و لە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  سازمان درا، لەو ئۆرگانە ئەرکی خۆی بە باشترین شێوە بەڕێوە برد.