کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شایەکمان دەرکرد، سەد شا هەڵتۆقی

13:00 - 11 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرنوێژی شاری "ئەسالم" لە خوتبەی هەینیدا وتویەتی کە شایەکمان دەرکرد، بەڵام سەد شا سەری هەڵدایەوە.

"محەمەدجەواد باقری"، بەرنوێژی شاری ئەسالم، لە خوتبەی کۆتا هەینیی مانگی ڕەمەزاندا، وتوویەتی: "شایەکمان دەرکرد، سەد شا سەری هەڵداوە"، کە مەبەستی، ئەو بەرپرسە گەندەڵانەی خودی ڕێژیمە کە دەستیان بە سەر سەرمایە و ئابووریی ئەو وڵاتەدا داگرتووە و خەڵکی ئەو وڵاتەیان، تووشی چارەڕەشی کردووە.

ئەو ئاخوندەی ڕێژیم، هەروەها وتوویەتی: "هەندێک کەس لەو ڕێژیمەدا وادەزانن کە ئەو ڕێژیمە میراتی باوکیانە و دەیانهەوێت تا لێوارەی گۆڕ لەسەر دەسەڵاتدا بمێننەوە."

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردووە: "دەبێ بە شێوەی جیددی پێش بەو گەندەڵانە بگیردرێت و پرسیاریان لێ بکرێت کە بۆچی لە کاتی خۆشگوزەرانیدا بە پارەی "بەیتولماڵـ"ـەوە کراوات دەبەستن و کاتێکیش لە دادگا بانگ دەکرێن، نێوچاوانیان پینە بەستراوە و ئەنگوستیلەی عاقێق لە دەست دەکەن و ڕیش دادەنێن؟"

مۆرە دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیم، لە شارەکانی ئێران و بە سیاسەتێکی فریوکارانە، زۆرجار تەنانەت دژ بە ڕێژیم پروپاگەندەی نگەتیڤ دەکەن و هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک دەدەن، بۆ ئەوەی ڕێژیم دژ بە گەندەڵی نیشان بدەن و گەندەڵکاران بە دژی ڕێژیم بزانن.

ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی پلە باڵای خودی ئەو ڕێژیمەن، کە سەرمایە و دارایی ئەو وڵاتەیان بە تاڵان بردووە و هیچ یاسا و عەداڵەتێکی دروست لەو وڵاتەدا بۆ پێشگرتن بەو گەندەڵکارانە، بوونی نییە.