کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شنگال ئازاد کرا

15:39 - 23 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، دوای هێرشێکی گەورە توانییان شنگال ئازاد بکەن و ئەو شارە لە تیرۆریستانی داعش پاک بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای ئەوەیکە شاری شنگال ساڵی ڕابردوو کەوتە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش و کوردەکانی دانیشتووی ئەو شارە لە لایەن ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە ژینۆساید کران، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، دوای ئۆپراسیۆنێکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئازادکردنی شنگال، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، بە دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ئازاد کرا.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەو پێوەندییەدا ڕاێگەیاند: داعش شکستی خواردوە و ئەندامانی ئەو گرووپە تیرۆریستیە ڕایانکردووە.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەو ئۆپراسیۆنەدا بە پشتیوانیی هەوایی هێزە هاوپەیمانەکان شاری شنگالیان ئازاد کرد.

مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دوای ئازادکردنی شنگال لە چیای ئەو شارەوە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: ئازادکرانی شنگال کاریگەرییەکی گەورە لەسەر موسڵ دەدانێت.

بان کی مۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشوازیی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال کرد و ئەو ئۆپراسیۆنەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە گرینگ وەسف کرد و وتیشی کە ئەو ئۆپراسیۆنە ئەو مانایە دەگەیەنێت کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر سەقامگیریی باشووری کوردستان لە بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکاندایە. 
جگە لە ڕۆڵی گرینگی پێشمەرگە لە شەڕی داعش‏د‏ا، بەگوێرەی دوا ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، باشووری کوردستان پەناگەی ئارامی ٩٧%ی ئاوارەکانی عێراقە. 

هەروەها، مارک تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، لە شنگال ئامانجەکانمان بەباشی پێکان و، هۆکاری ڕزگارکردنی شنگال لەماوەیەکی کەمدا بۆ شارەزایی پێشمەرگە و بە باشی پێکانی ئامانجەکان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە دەگەڕێتەوە.