کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شورای شاری مەهاباد هەڵوەشاوە

18:04 - 20 خەرمانان 2720

٦ کەس لە ئەندامانی شورای شاری مەهاباد کە بەهۆی گەندەڵی دەسبەسەر کراون، دەستیان لەکار کێشایەوە و بەم هۆیەوە شورای ئەو شارە هەڵوەشاوە و لەلایەن فەرمانداریی مەهابادەوە هەڵوەشانەوەی ئەم شورایە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە.

''ئیرەج شوجاعی'' فەرمانداری ڕێژیم لە مەهاباد، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ خەرمانان بە شێوەی فەرمی ڕایگەیاندووە کە شورای شاری مەهاباد بەهۆی دەست لەکارکیشانەوەی  ٦ کەس لە ئەندامانی ئەو شورایە و ٢ کەس لە ئەندامانی جێگرەوە هەڵدەوەشێتەوە.

ناوبراو وتوویەتی؛ کۆی ئەندامانی سەرەکیی شورای شاری مەهاباد ٧ کەسە و بەپێی یاسا پێکهێنانی دانیشتنەکانی ئەو شوارایە بە زیاتر لە ٥ ئەندام پێک دێت.

شوناسی ئەو ٦ کەسە لە ئەندامانی شورای شاری مەهاباد بریتین لە: ''حامید حەیدەری، یونس قۆیتاسی، کاوە خزری، سامان ڕاهنەما، سەیدعەباس حوسەینی، برایم کەریمی''.

لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە مەهاباد ٦ کەس لە ئەندامی شورای شار، ١١ کارمەندی شارەداری، ٢ کارمەندی ڕێگا و شارسازیی و کارمەندێکی فەرمانداریی ئەو شارە  بە هۆی گەندەڵیی ماڵی و دزی دەسبەسەر کراون.

شارەداریی مەهاباد کە لەلایەن ڕێژیمەوە دامەزراوە، بەهۆی دزی، تاڵان و گەندەڵیی کاربەدەستانەکانیەوە نوقمی قەیران بووە و بەهۆی گرینگیی پێنەدان بە بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاری و پێراگەیشتن بە دۆخی ئەو شارە بەردەوام ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو شارە بووەتەوە.