کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شورای ڕۆحانییەتی بۆکان چەند مامۆستایەکی لەسەر کار دەر کرد

11:02 - 17 رێبەندان 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، هەر مامۆستایەکی ئایینی کە گوێڕایەڵی خۆی نەبێت لەسەر کار لای دەبات و مۆرە و دەستوپێوەندیی خۆی دادەمەزرێنێت.

له‌لایەن شورای ڕۆحانییەتی شاری بۆکان، چەند ماموستایەکی ئایینی له گوندەکانی "ناچیت، کۆسه، دوکچی، جەمۆغه، ئاختەتەر و زیراندۆڵ" و چند گوندی دیکە له‌سەر کارەکەیان دەر کران.

ئه‌و مامۆستایانه جیا له پێشکەشکردنی وتاری ئایینی لەسەر پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەسەر بابەتی وەک هەژاریی خەڵکی و بێتاوانیی کوردستان لە مزگەوتەکان وتاریان پێشکەش کردووە.

ئەو مامۆستا ئایینییانە چەندین جار له‌لایەن شورای ڕۆحانییەت و ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە بانگهێشت کراون و هه‌ڕه‌شەیان لێکراوه.

ئەو مامۆستایانە کەسانێکی خۆشناو و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەکەن و ڕێژیمیش زیاتر لە هەمیشە لە کوردستان ترسی هەیە و دەیهەوێت بە هەموو شێوەیەک کەسانی ملکەچی خۆی لە مزگەوتی شار و گوندەکانی کوردستان دابنێت.

ڕەئیسی شورای ڕۆحانییەتی بۆکان خەڵکی کرماشانه و یەکێک لە ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیمە کە زۆر به‌توندی له‌گەڵ ماموستاکان هەڵسوکەوت دەکات.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام گوشار دەخاتە سەر ئەو مامۆستا ئایینییانەی کوردستان کە ڕوونکردنەوە بە خەڵک دەدەن.