کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنکەوتنی بنەماڵە و بێکاری لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچ لە ئێراندا

11:52 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوودا، ٦٨٤هەزار کەس بۆ دۆزینەوەی کار کۆچیان کردووە.

یەکێک لە هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئامار و زانیاری کارای وزارەتی کار، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە، کە بە پشتبەستن بەو ڕاپۆرتە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچ لە نێو ئێراندا، شوێنکەوتنی بنەماڵە و بێکارییە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی ڕابردوودا، لە نێو ئێراندا، ٦٨٤ هەزار کەس، کە ٥٦٧ هەزاری لە حەشیمەتی شارەکان و ١١٧هەزاری لە دانیشتووانی گوندەکانن، بۆ دۆزینەوەی کار لە نێو ئێراندا کۆچیان کردووە.

لەو ڕاپۆرتەدا، ٨ هۆکاری سەرەکیی بۆ کۆچ لە نێو ئێراندا دیاری کراوە، کە بەم چەشنەن: شوێنکەوتنی بنەماڵە، دۆزینەوەی کار، دۆزینەوەی کاری باشتر، گۆڕینی شوێنی کار، خوێندن، تەواوکردنی خوێندن، سەربازی زۆرەملێ، تەواوکردنی سەربازی، کە شوێنکەوتنی بنەماڵە و بێکاری سەرەکیترین هۆکارەکانی کۆچ لە نێو ئێرانن.

جێگەی ئاماژەیە، هۆکاری شوێنکەوینی بنەماڵە کە سەرەکیترین هۆکارە بۆ کۆچ لە نێو ئێراندا، هەر دەگڕێتەوە سەر بێکاری یان کەمداهاتبوون، کە بنەماڵەکان لە شار و بەتایبەت گوندەکان بۆ دامەزرانی ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی بۆ شارەکانی دیکە کە زۆرینە شارە ناوەندییەکانی ئێرانن، کۆچ دەکەن.

سیاسەتە فاشیستییەکانی ڕێژیمی ئێران و کۆکردنەوەی سەرمایە و داهاتەکانی ئەو وڵاتە لە شارە ناوەندییەکان و دامەزراندنی کارخانەکان لەو ناوچانە، بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان بۆ گەیشتن بە ئیمکاناتی ژیان، کار و داهات ڕوو لە شارە ناوەندییەکانی ئێران بکەن.

ئەو شێوە کۆچکردنە لە ڕۆژهەڵاتیش بۆ ناوەندی ئێران زۆر بەرچاوە، بە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی بێکاری لە شارەکانی ڕۆژهەڵات زۆر لەسەرە و کەرتی پیشە و داهات زۆر کەمە، هەروەها ئیمکاناتی ژیان لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات زۆر لاوازە و خەڵک ناچارن ڕوو لە شارەکانی دیکە بکەن.