کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنی فێرکاری لە مەریواندا تووشی قەیران بووە

12:00 - 10 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی مودیرییەت و بەرنامەدانانی پارێزگای سنە باسی لەوە کردووە کە حەشیمەتی ٦ لەسەدیی قوتابییانی مەریوان، لەگەڵ قەیرانی شوێنی فێرکاری بەرەوڕوون.

"بەهرام نەسروڵڵاهی زادە"، بەرپرسی ڕێکخراوی مودیرییەت و بەرنامەدانانی پارێزگای سنە، سەبارەت بە دۆخی قوتابخانەکانی ئەم پارێزگایە، وێڕای ئاماژە بە تێچووی زۆر بۆ دروسکردنی قوتابخانە لە گوندەکاندا کە حەشیمەتێکی زۆریان لێ نەماوە، باسی لەوە کردووە کە لە بەرانبەر ئەو هەموو تێچووەدا، ٦ لەسەد لە حەشیمەتی قوتابییەکانی شاری مەریوان لەگەڵ قەیرانی شوێنی فێرکاری و خوێندن بەرەوڕوون.

"نەسروڵڵاهی زادە"، ئاماژەی بەوە کردووە کە فێرکاریی بێبەرانبەر و خۆڕایی مافی هەر قوتابییەکە، بەڵام پێویست نییە پارەیەکی زۆر تەنیا بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەک تەرخان بکرێت کە سێ قوتابیی تێدایە، هەروەها باسی لەوە کردووە کە هەندێک قوتابخانە لە گوندەکاندا لە بەر نەبوونی قوتابی، بوونەتە شوێنی ڕاگیرانی ئاژەڵ و مەڕوماڵات.

گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە کەرتی کشتوکاڵ و دابیننەکردنی جۆرەکانی خزمەتگوزاری وای کردووە کە زۆربەی خەڵکی گوندەکان ڕوو لە شارەکان بکەن کە بەم هۆیەوە گوندەکان چۆڵ دەمێننەوە؛ هەر ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونەوەی حەشیمەتی شارەکان کە کەمبوونی خزمەتگوزارییەکانیش بەپێی حەشیمەت بە دوای خۆیدا دێنێت.

قوتابییان بەشێکی بەرچاو لە قوربانییانی دەستی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێرانن، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و بارهێناندا. کەمبوونی خزمەتگوزاری لە کەرتی پەروەردەدا، زۆرترین خەساری بۆ قوتابییان بە دواوە دەبێت کە وازهێنانیان لە خوێندن بە ڕێژەیەکی زۆر و بەرچاو سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە.