کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنە مێژووییەکانی کوردستان، هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە

13:20 - 2 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: "کاروانسەرای شاعەباس" لە شاری قەسر شیرین، لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و هەتا ئێستا چاکسازیی بۆ نەکراوە.

کاروانسەری شا عەباس، لە شاری "قەسر شیرینـ"ـی سەر بە پارێزگای کرماشاندایە و بە یەکێک لە ئاسەوارە مێژووییە گرینگەکانی ئەم ناوچەیە دێتە ئەژمار، کە لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەی دوو ساڵ پێشی پارێزگای کرماشان، زیانی بەرچاوی بەرکەوتووە و هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەرە.

ئەم کاروانسەرایە، کە لە ناوەندی شاری قەسری شیریندا هەڵکەوتووە و ڕۆژانە بە دەیان کەس و گەشتیار سەردانی دەکەن و وەک بازاڕێکی بچووکی لێهاتووە، لە کاتی داڕمانیدا، دەکرێت ڕووداوی دڵتەزێنی لێ بکەوێتەوە.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم، هیچ ئاوڕێکیان لەم ئاسەوارە مێژووییە نەداوەتەوە و تەنانەت لە لیستی ئاوەدانکردنەوەکانیشدا نییە.

لە کاتی بوومەلەرزەکەی کرماشاندا، کاروانسەرای شا عەباس، قەڵای یەزدگرد لە شاری داڵاهوو و زیج منیژە لە سەرپێڵ زەهاو، لەو شوێنە مێژووییانە بوون کە زیانیان بەرکەوتووە.

کاروانسەرای شاعەباس، کە شێوەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەم دەڤەرە لە ڕابردوودا نیشان دەدات، لە ئێستادا بەهۆی بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیمەوە، خەریکە لەنێودەچێت.