کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنە پیرۆزەکانی کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێران هەڕشەیان لەسەرە

13:15 - 27 بانەمەڕ 2720

''جاناتان گرینبلات''، بەرپرسی ''یەکێتیی دژە بوختان"، ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، باسی لە سووتاندنی مەزارگەی ''ئەستێر و مۆردێخای'' لە شاری هەمەدان کردووە کە بە یەکێک لە شوێنە پیرۆزەکانی جوولەکەکان دێتە ئەژمار.

''جاناتان گرینبلات'' لە توییتی خۆیدا نووسیویەتی: ''چەند ڕاپۆرتێک بەنیسبەت سووتاندنی مەزارگەی 'ئەستێر و مۆردێخای، شوێنی پیرۆزی جوولەکەکان بڵاو بووەتەوە، ئێمە هیوادارین بەرپرسان، بکەرانی ئەو هەوڵەی دژە جوولەکەیە بسپێرنە دەستی عەداڵەت و بەڵێن بدەن کە شوێنە پیرۆزەکانی کەمایەتییە ئاینییەکان لە ئێراندا بپارێزن''.

هەتا ئیستا میدیاکانی ئێران لەم بارەوە بێدەنگییان ڕاگرتووە.

لەم پەیوەندییەدا، ''ئیلان کارئێستکاتس''، نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی ئامریکا لە چاوەدێری و بەرنگاربوونەوە لەگەڵ دژە جوولەکەیی، بەنیسبەت ئەم هەواڵە کاردانەوەی نیشان دا و مەحکوومی کرد.

بە وتەی ناوبراو، ٣ مانگ لەومەوپێش چەندین هەڕشە بە دژی ئەم مەزارگەیە هاتبووە بەر باس.   

''کارئێستکاتس'' وتوویەتی، ڕێژیمی ئێران سەرەکیترین پشتیوانی دژە جوولەکەیە. ئەم هەوڵانە دەبێ پێشی پێ بگیردرێت و لە جوولەکەکان و هەموو کەمایەتییەکان پارێزگاری بکرێت.