کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنەواری شارێکی ٤ هەزار ساڵە لە دهۆک دۆزرایەوە

12:20 - 25 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە سنووری پارێزگای دهۆک، شوێنەواری شارێکی مێژوویی دۆزرایەوە کە بۆ ٣ هەزار و ٨٠٠ ساڵ پێش دەگەڕێتەوە.

لە سنووری پارێزگای دهۆک، شوێنەوارێکی مێژوویی دۆزرایەوە کە بۆ ٣ هەزار و ٨٠٠ ساڵ پێش دەگەڕێتەوە و دەوترێت بۆ سەردەمی "میتانییەکان" دەگەڕێتەوە کە لە ساڵەکانی ١٤٠٠ تا ١٨٠٠ی پێش زایین ئەم شارەیان بە دەستەوە بووە، کە پاش هاتنی ئاشوورییەکان، شارەکە سووتێندراوە و لەنێو چووە.

"دوکتور حەسەن ئەحمەد"، بەڕێوبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆک، ئاشکرای کردووە کە ئەو شارە ناوی "زاخیکۆ"یە و دەکەوێتە گوندی "کەمۆنە" لەسەر لێواری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری "دیجلە" لە شارەدێی "خانکێـ"ـی سەر بە شارۆچکەی "سێمێل"، لە پارێزگای دهۆک.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە لێکۆڵینەوەکانی تیمێکی کوردی- ئاڵمانیدا، ١٠٠ نووسراوەی بزمارییان دۆزیوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "میتانەکان" و لە ڕێگەی ئەو کەتیبانەوە زانیویانە پاش کونترۆڵکردنی ئەو ناوچانە بە دەست ئاشوورییەکان، شاری "زاخیکۆ"، دەسووتێنن کە شارەکە دواتر بووەتە ژیر خۆڵەوە و ون بووە و بووەتە بەشێک لە بەنداوی مووسڵ.

ئەمە و چەندین شوینەواری دیکەی مێژوویی دەرخەری مێژووی کۆنی ئەم ناوچانەیە و کۆنبوونی شارستانییەت لە کوردستاندا نیشان دەدات.