کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنەواری میژوویی ''فەقرەقا''، مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە

13:16 - 2 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: شوێنەواری مێژوویی "فەقرەقا" کە بەشێکە لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، بەهۆی ئەوەی کە لە لایەن بەرپرسانەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت، مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە.

دەخمەی بەردینەی ''فەقرەقا''، لە دەشتی شاروێرانی شاری مەهاباد، شوێنەوارێکی مێژوویی سەردەمی کۆنە، کە مێژووەکەی بۆ هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە و بەهۆی ئەوەی کە لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە هیچ گرینگییەک و ئاوڕێکی پێنادرێت، دوایین هەناسەکانی خۆی دەکێشێت و لە حاڵی لەنێوچووندایە و ئەمە ناڕزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

چوارچێوەی ئەم شوێنە بە مەودای ١٨ هێکتار،  لەژێر چاوەدێریی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکاندایە و بەهۆی بێ مودیرییەتیی بەرپرسانی ئەم ئیدارەیە، دەوروبەری ئەم شوێنە لە لایەن جووتیاران و باغدارانەوە ڕۆژبەڕۆژ بەرتەسک دەبێتەوە و کێشەیەکی گەورەی ساز کردووە.

بە وتەی کارناسان، ''نمی'' باخەکانی دەوروبەری ئەم شوێنەوارە مێژووییە، مەترسیی ڕووخانی ئەم شوێنەوارە میژووییە لە داهاتوودا دروست دەکات کە لە لایەن بەرپرسانەوە هێچ ئاوڕێکی لێ نادرێتەوە.

"فەقرەقا" تەنیا یەکێک لە ئاسەوارە پەراوێزخراوەکانی کوردستان نییە و چەندین ئاسەواری مێژوویی کە بەشێکن لە ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد، هەمان چارەنووسی فەقرەقایان هەیە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، دەخمەی بەردینەی ''بەردە کونتە'' کە لەسەر ڕێگای مەهاباد- ورمێ و لە نزیک گوندی "وسوکەند" هەڵکەوتووە، بەهۆی ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار، کەسانێک لەوپەڕی بێ ئاگاییەوە ویستوویانە ئەم شوێنەوارە میژووییە تێک بدەن و بێکەن بە مەیدانی تۆپی پێ.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە لە لایەن کاربەدستانی ڕێژیمەوە لە شاری مەهاباد، بە بیانووی بەرینکردنەوەی جادەی مەهاباد- ورمێ، هەوڵ دراوە ئەم شوێنە تێک بدرێت.