کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنەواری مێژوویی "ڕیوی" هەڕەشەی تێکچوونی لەسەرە

12:16 - 3 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: چالاکییەکانی مرۆڤ لە دەوروبەری شوێنەوارە مێژووییەکان هەڕەشەیەکی جیددییە لەسەر مێژوو و هەروەها دەبێتە هۆی لەنێوچوونی ئەو ئاسەوارانە.

٣٠ لەسەدی شوێنەواری مێژوویی "ڕیوی"، هەڵکەوتوو لە شاری "مانە و سەمەلقان"، سەر بە پارێزگای خوراسان، بەهۆی چالاکیی "کوورەخانەکانی ئاجۆر"ەوە لەنێوچووە و ئەگەر ئەم ڕەوتە هەروا بەردەوام بێت هەڕەشەیەکە بۆ لەنێوچوونی یەکجاریی ئەو شوێنەوارە مێژووییە.

ڕووبەری ئەو شوێنەوارە ١١٠ هێکتارە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣ هەزار و ٧٠٠ ساڵ پێش ئێستا. گرینگترین دەورانی ژیان لەو شوێنەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەخامەنشییەکان هەتا سەردەمی ساسانییەکان، واتە هزار و ٧٠٠ هەتا ٢ هەزار و ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا.

تا ئێستا بە یارمەتیی ئاسەوارناسە ئاڵمانییەکان، ٧ دەورە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەو ناوچەیەدا ئەنجام دراوە و ٧٠٠ تا ٨٠٠ دانە ئاسەوار هەڵگیراوەتەوە و هەروەها ئێسک و پرووسکی ١٢ مرۆڤی لێ هێنراوەتە دەرەوە.

ئەو شوێنەوارە، لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاویدا و بە ژمارەی ٧٢٠ـەوە لە لیستەی ئاسەوارە مێژووییەکاندا تۆمار کراوە کە ئاسەوارە دۆزراوەکان لەو شوێنەوارە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمگەلی "مەفرەغ، ئاسن، هەخامەنشی، ئەشکانی، ساسانی و ئیسلامی".