
لە پارێزگای ئامەدی کوردستانی باکوور لە شاری "ئامیدا" کە لە سنووری "شارۆچکەی سوور" هەڵکەوتووە، شوێنەوارێکی مێژوویی دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٨ سەدە بەر لە ئێستا.
ئەو شوێنەوارە مێژووییە کە لە شاری مێژوویی "ئامیدا" هەڵکەوتووە، هێڵێکی گواستنەوەی ئاو و سیستەمی دابەشکردنی ئاوی گەرمە.
"عرفان یڵدز" بەرپرسی تیمی هەڵکۆڵینی ئەو شوێنەوارە مێژووییە ڕایگەیاندووە: "ئاوی گەرمی ئەو گەرماوەیە لە سەردەمی ڕۆمییەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی کۆشکەکەوە بە جۆگەلە خشتییەکان گواستراوەتەوە بۆ گەرماوەی نێو کۆشکەکە و بەشێوەیەکی تایبەت گەرمییەکەی دابەش کراوە".
ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئەو سیستمی گەرمکردنەوەیە کە ئەمڕۆکە سیستەمی کالۆفێری پێ دەڵێن، نزیکەی هەزار و ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە کۆشکەکانی سەردەمی ڕۆمییەکان لەو ناوچەیەدا دروستکراون، کە نموونەیەکی دەگمەن واتە تەنیا نموونەیە".
هەڵکۆڵینی ئەو شوێنەوارە مێژووییە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە لەسەر شوێنەواری "ئامیدا" لە کۆشکی "ئارتوکلوو" دەستی پێکردووە و لەهەمان ساڵدا ئەو توونێل و ڕاڕەوانە دۆزراونەتەوە کە بەردەوام لە چیرۆک و ئەفسانەکانی ئامەددا باسیان لێوە کراوە.
هەروەها لەنێو ئەو توونێلانەدا کانییەکی ئاو هەیە و لە ساڵی ٢٠١٩دا، دیوەخان و هۆڵی پێشوازییەکەی دۆزراوەتەوە.
ئەو توونێلانەی ئامێد هەم شوێنی هەڵاتن و دەرباز بوون بووە و هەم شوێنی گواستنەوەی ئاو.