کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنەوارە مێژووییەکان لە کوردستان خەریکن لەنێو دەچن و بەتاڵان دەبرێن

13:14 - 2 جۆزەردان 2722

شوێنەواری مێژوویی "فەخرەقا" هەڵکەوتوو لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی مادەکان دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا خەریکە تێک دەدرێت و ئاسەوارە مێژووییەکانی بە تاڵان دەبرێت.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کەسانی هەلپەرست چەندین گۆڕی دێرینە و مێژووییان لە پشتی ئەو شوێنەوارە هەڵداوەتەوە و تێکیان داون.

خەڵکی ناوچەکە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە لایەنی پەیوەندیدار دەربڕیوە کە بۆچی هیچ هەوڵێک بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارە مێژووییە و باقیی شوێنەوارە مێژووییەکانی دیکە نادەن.

خەڵک هاتووەتە سەریان کە خۆیان پارێزگاری لەو شوێنەوارە مێژووییانە بکەن چونکە ڕێژیم هیچ هەوڵێک لەو پێناوەدا نادات.

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن: "کەسانی هەلپەرست بە هێنانی کەسانی لاوەکی بە ئامێری تایبەتەوە هەوڵی ئەوە دەدەن ئاسەوارە مێژووییەکان بە تاڵان ببەن و شوێنەوارە مێژووییەکان بە شێوەیەک تێک دەدەن کە دواتر شوێنەوارەکە بە کەڵکی لێکۆڵینەوە نایەت".