کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوێنەوارە مێژووییەکانی لوڕستان یەکە یەکە لەنێو دەچن

11:57 - 11 رەشەمه 2720

زیاتر لە ١٠٠ پردی مێژوویی لە پارێزگای لوڕستان کە بەهۆی لافاوی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو زیانی گەورەیان پێگەیشت، هەروا بەبێ گرینگی پێدان و ئاوڕدانەوە بەجێیان هێشتوون و بۆ نۆژەنکردنەوەیان هیچ بودجەیەکیان تەرخان نەکردووە.

''عەلی مستەفانژاد'' بەرپرسی ناوەندی پردە میژووییەکانی لوڕستان وتوویەتی، سەرەڕای ئەوەی کە لوڕستان بە مەڵبەندی پردە مێژووییەکان ناسراوە و ئەو پردانە دەگمەنن، هیچ بودجەیەکان بۆ تەرخان نەکراوە.

ناوبراو وتوویەتی: ''سەرەڕای ئەوەی کە ١٥ جار بە شێوەی نووسراوە داواکاریمان کردووە، هەزار تمەنیان بە ئێمە نەداوە".

''سەید ئەمین قاسمی'' بەرپرسی گشتیی میراتی فەرهەنگیی لوڕستان باسی لەوە کردووە کە بۆ نۆژەنکردنەوەی پرد و ئاسەوارە مێژووییەکان کە لە ڕەوتی لافاوی بەهاری ٩٨دا زیانیان پێگەیشتووە، نزیکەی ٥٧ میلیارد تمەن و بۆ پیشە دەستی و گەشتیارییەکان نزیکەی ٢٥ میلیارد تمەن بەراورد کراوە.

پارێزگای لوڕستان زیاتر لە ٥ هەزار ئاسەواری مێژوویی هەیە، بەڵام ئەو ئاسەوارانە بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی و چاودێریی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران خەریکە لەنێو دەچن و گرینگییان پێ نادرێت.