کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکۆی نیشتمانی گەل ڕێزی لێ گیرا

11:41 - 1 رێبەندان 2721

ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  لە شاری کۆیە بە بۆنەی جێژنی٢ی ڕێبەندان ٧٦مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە بەشداری ئەندامانی ڕێبەری حیزبی دێموکرات، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵە سەربەرزەکانیان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد وکوردستان دەستی پێکرد.

پاش بەخێرهاتنی بەشداربووان لە لایەن کۆڕگێڕی ڕێوڕەسمەکەوە، لە لایەن بەڕێز "حەسەن شەرەفی" جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی ناوەندی سیاسی حیزبەوە چەند وتەیەک بەم بۆنەیە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

بەڕێز شەرەفی لە وتەکانیدا باسی لە گرینگیی و پێگەی مێژوویی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان کرد و ئاماژەی بە گرینگیی کۆماری کوردستان لە هەلومەرجی سیاسی ئەوکاتدا و بیروهزری پێشکەوتووانەی پێشەوا قازی محەممەد بە نیسبەت پرسی نەتەوەیی وهێنانە ئارای فەزایەکی تەواو دێموکراتیک کرد کە ئێستاش لە دوای ٧٦ساڵ خەبات و تێکۆشان دەبینین کە هەر سەردەمیانەیە و بەردەوام ڕێبوارانی ڕێگاکەی پێشەوا قازی محەممەد لەو سەنگەرە پڕ لە شانازییەدان .

ناوبراو لە وتەکانیدا وتی: ٢ی ڕێبەندان بۆ ئێمە لەو بارەوە گرینگ و پیرۆزە کە وەبیرهێنەرەوەی سەرکەوتن و وەدەستهێنانی دەسکەوتێکی مەزنی مێژوویی نەتەوەیی و دێموکراتیکە؛ کە ئەوە ئەگەر هی هەر میللەتێکی دیکە بوایەت بە هێندێک تایبەتمەندی دەگمەن کە هەیەتی ڕەنگە زۆر زیاتر و بە بیرێکی قوڵترەوە ئەو ڕێوڕەسمانەیان بەڕێوە بردبا.

هەروەها وتی: ئێمە دەڵێین کۆماری کوردستان نموونە و دەگمەن بوو لە کاتی خۆیدا؛ بەو واتایە کە لە دەسەڵاتێکی نەتەوەیی، لە شوێنێک کە دژی هەر نەتەوەیەک سەری هەڵدا، دێموکرات بوو لەحالێکدا لە هیچ شوێنێک کە دێموکراسی بەو مانایە بوونی نەبوو و دژایەتیشی دەکرا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب وتی: یەکێک لە گەورەترینی ئەو بەهایانەی کە کۆمار فێری ئێمەی کرد ئەوەیە کە بۆ سەرخستنی خەباتەکەمان فیداکاری بکەین. بۆیە ئومێدی ئەوە دەخوازم کە ئەو حیزبەمان کە لەسەر شانی هەموو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردە، بە زیندانیی سیاسییەوە، بە کەمئەندامەوە بە هەموویەوە و بەتایبەت بە میراتگرانی ڕاستەقینەی حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ هەم بزانین کە میراتگری کێین و هەم بزانین دەبێ چۆن قەدری ئەو مێژووە بزانین و دەبێ بزانین چی بکەین و ئەوەش بزانین کە چۆن ئێمە شانازی بە ڕابردووی پڕ لە شانازیمانەوە دەکەین هەر بە هەمان شێوە نەسڵەکانی دواتریش چۆن دەبێ شانازی بە خەباتی نەسڵی ئیستاوە بکەن.

دواتر لە لایەن هاوڕێی پێشمەرگە "مەتین محەممەدی" و "گروپی میوزیکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان"ەوە سرودێک لە ژێر ناوی "٢ی ڕێبەندان" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

پاشان پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن هاوڕێ "واحید ئەحمەدی"یەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەخشانێک لە ژێر ناوی "ڕۆژژمێرمان دوو بەهارە " لە لایەن هاوڕێی پێشمەرگە و سکرتێری یەکیەتیی خوێندکاران بەڕێز "جەماڵ فەتحی"یەوە پێشکەش کرا.

پاشان گۆرانییەکی هونەرمەندی نەمر محەممەدی ماملێ لە ژێر ناوی "ڕێگاکەم دوورە" لە لایەن کۆڕی میوزیکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە دەنگی هاوڕێی پێشمەرگە "جەعفەر دۆستاڵی"یەوە پێشکەش کرا.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا شێعرێک لە ژیر ناوی دەلاقەیەک نزیک لە ڕێبەندان، لە هۆنینەوەی ڕابوون ڕۆژهەڵات لەلایەن "ئاسکە حەسەن‌زادە" خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا گۆرانییەکی فۆلکلۆر لە ژێرناوی "داینێ تۆ داینێ" لە لایەن هاوڕێ "مەتین محەممەدی" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

دوابڕگەی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە شایی وهەڵپەڕکێی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە.