کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شڵەژان و ترسی ڕێژیم لە چالاکیی بێوچانی پێشمەرگەکانی شار و شاخ

11:41 - 16 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش چالاکییە بەربڵاوەکانی لایەنگرانی حیزب و پێشمەرگەکانی شار، ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران وەزاڵە هاتوون و تووشی شڵەژان و ترسێکی زۆر بوونە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بانەمەڕ، هێزێکی زۆر لە تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێران ڕوویان لە شاخەکانی گوندی سیاوان، بەردەکەشک، نەناس، نازناز، چەپان و دۆربەی سەر بە ورمێ کرد و هەڕەشەیان لە خەڵکی ناوچەکە کردبوو، کە پێشمەرگە هاتوونەتە ئەو ناوچانە و دەبێت خەڵک هاوکاریی ڕێژیم بکات.

دوای ئەوەی کە پێشمەرگەکانی شار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕێبازی شەهیدان و هەروەها لەسەر بەردەوامیی خەباتی ڕاسان و گرێدانی خەباتی شار و شاخ پێداگریان کرد، ڕێژیم تووشی شڵەژان و ترسێکی زۆر بووە.

پاش ڕاگەیاندنی ڕاسانی خۆرهەڵات لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و حوزووری پێشمەرگەکان لە نێوخۆ، ڕێژیم لە کوردستاندا هەستی بە مەترسییەکی زۆر کردووە و بەردەوام هەڕەشە لە خەڵک دەکات کە یارمەتیی ڕێژیم بدەن.

قارەمانانی دێموکرات لە شارەکانی کوردستان، بەردەوام وەفاداریی خۆیان بەرانبەر بە خەباتی ڕزگاریخوازانە و گیانبازانەی پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەردەبڕن و ئەمە ڕێژیمی وەلەرزە خستووە.