کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شڵەژانی بازاڕ و ناڕەزایەتیی بازاڕییان لە تاراندا

12:14 - 5 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گرانی و مەندی بازاڕ، بازاڕییانی تاران هاتنە سەر شەقامەکان و دەستیان دایە ناڕەزایەتیدەربڕین.

سەدان کەس لە دووکاندارانی بازاڕی گەورەی تاران، ڕۆژی دووشەممە ٤ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەهۆی گرانی و مەندی بازاڕ، بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و هاتن بۆ سەر شەقامەکان، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین.

بەپێی هەواڵی ڕاگەیەندنەکان، مەئموورانی هێزی ئینتیزامی خۆیان لە سەرکوتی بازاڕییان بواردووە، بەڵام بەرەبەری ساعەت ١٢ و ٣٠ خۆلەکی نیوەڕۆ، بەسیجی، لیباسشەخسی و حیزبۆڵڵایییەکان لە شەقامی ناسرخوسرەو، بازاڕییانی ناڕازییان داوەتە بەر کوتان و لێدانەوە.

ناڕازییان بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە ئەوان نایانەوێ زیان بە سامانی گشتی و ماڵ و داراییی کەسێک بگەیەنن، ئاگاداری دەدەن کە هەمووان ئاگایان لە سیخوڕ و گێرەشێوێنەکان هەبێت.

لەو ناڕەزایەتییانە کە زێڕ و پارچەفرۆشەکان، کاسبەکانی پاچنار و چوارسەوق سوڵتانی، سەرای میللی، سەبزە مەیدان و گلوبەندەک و تەنانەت کرێکاران و گاریدارەکانیش بەشدار بوون، دروشمەکانی: "نیروی انتظامی حمایت حمایت"، "نترسید نترسید، ما همە با هم هستیم" گوتراونەتەوە.

بە نیسبەت ئەو ناڕەزایەتییانە، حیسامەدین ئاشنا، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوە سینفییەکانی ئەسناف و بازارییان، ڕایگەیاندووە:"ماوەی ٤٠ ساڵ بوو لەم جۆرە ناڕەزایەتییانەمان لە نێو توێژی بازاڕییان نەدیبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی ڕووی دا و ئەویش تەنیا بە هۆی گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم و نەبوونی مودیرییەت لە نێوخۆی ئێراندایە.