کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شڵەژانی پاش تێکچوونی کۆشکی خەونەکان

11:44 - 17 بەفرانبار 2719

نەوید کەرەمی

لە یەکەم ساتەکانی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٣ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی، بەرانبەر بە ١٣ی بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی یەکێک لە مەترسیدارترین، بێڕەحمترین و خوێنڕێژترین مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئامریکاوە کرایە ئامانج و پارچە پارچە کرا.

تێرۆریست قاسم سلێمانی و هاوكاره‌کانی تەنیا چەند خولەک پاش دابه‌زینیان لە خاکی عێراق، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکییەوە کرانە ئامانجی ڕاکێت و هەموویان لەنێوچوون.

لەو هێرشەدا وەفدی ئێرانی کە بریتی بوون لە قاسم سلێمانی، فەرماندەی گشتیی سپای قودس (شاخەی دەرەکیی سپای پاسداران)، حوسێن جەعفەری نیا، هادی تارمی، وەحید زەمانیان و شەهرود موزەفەرینیا، هاوڕێ لەگەڵ چەند کەسایەتی باڵای حەشدی شەعبی، لەوانە ئەبوو مەهدی موهەندیس، کەسایەتیی دووهەمی حەشد و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، محەممەد ئەلجابری، بەرپرسی پێوەندییەکانی حەشد و حەیدەر عەلی و چەندین فەرماندەی باڵای ئەو ڕێکخراوە لەلایەن فڕۆکەی ئەمریکییەوە کرانە ئامانج و كوژران.

هەرچەند سپای پاسداران و سەردار و فەرماندەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەلایەن ئامریکا و چەندین وڵاتەوە خراونەتە لیستەی تێرۆرەوە، بەڵام ئەو هێرشە و کوژرانی گەورە تیرۆریستێک وەکوو قاسم سلێمانی لە پێتەختی عێراقدا کە ساڵهایە ئێران لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە دەستی باڵای لەو وڵاتەدا هەبووە، لە چەندین ڕووەوە گرینگیی هەیە.

ئەنجامدانی وەها عەمەڵیاتێکی مەزن لە لایەکەوە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە بۆ سازمانەکانی هەواڵگری و هێزی هەوایی ئامریکا و ئیسرائیل و لە به‌رانبەریشدا شکستێکی زۆر تاڵە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە یەکشەو هەیمەنە و تاپۆی خەونەکانی تێک ڕووخاوە.

قاسم سلێمانی نەتەنیا فەرماندەی باڵای سپای قودسی ڕێژیم و هێڵی پێوەندیی هەموو ڕێکخراو و ملیشیا توندڕەو و تێرۆریستییەکانی ناوچە بوو لەگەڵ خامنەیی، لە ڕووی کەسایەتی و قورسایەتییشەوە بە کەسی دووهەم دوای خامنەیی لە نێوخۆی ڕێژیمیشدا بە ئەژمار دەهات. لە لایەکی دیکەشەوە ساڵانێکی دوورودرێژە کە ڕێژیمی تاران، سلێمانی بە پاڵه‌وانی بەرەنگاری و بۆتی بەرگری بە جیهان ناساندووە و وا نواندوویەتی کە بە بوونی سلێمانی هیچ کەس لە جیهاندا بوێری ئەوە بە خۆی نادات کە قامک بەرەو ئێران ڕابکێشێ و هەتاکوو ئێران سلێمانیی هەبێت هەموو ئامانجەکانی خۆی لە وڵاتاندا دەپێکێت و بەرژەوەندییەکانی پارێزراون.

بەڵام بەربەیانی ڕۆژی هەینی، ١٣ی بەفرانبار، بە یەکجارەکی کوشکی خەونە بەتاڵەکانی خامنەیی بەسەریدا ڕووخان و قارەمانی خەونەکانی بە مووشەکێک بوو بە هەزار پارچە.

ئێستا پاش کوژرانی ئەو گەورە تێرۆریستە کە دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی کورد و بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوانی دیکە سوورە،  ڕێبەر و سەرانی ڕێژیم وا شڵەژاون کە لە لایەکەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستە و پاراستنی هەیمەنە و پێگەی خۆیان لە عێراق و مابەقی وڵاتان، دەستیان داوەتە جووڵاندنی هێزه‌ ده‌سكرده‌كانیان و یان لە لایەکی دیکەوە بە ڕاگەیاندنی هاتنەدەرەوەیان لە بەرجام دەیانەوێت جیهان تووشی ترس و خۆف بکەن.

ڕێژیمی کۆنەپەرەست، تێرۆریست و تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی نیشانی داوە کە پێبەندی هیچ پرەنسیپ و ڕێسا و یاسایەکی ئینسانی و نێودەوڵەتی نەبووە و نابێت، بەڵام ئەم هەموو شڵەژان و پەلامار و هەڕەشە و گڤە گڤە، تەنیا لە ئاکامی بەرەوڕووبوونەوەی ڕێژیمە لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستییانەی کە هه‌تاکوو ئێستا نەیویستووە بیانبینێت و یان نەیتوانیوە باوەڕیان پێ بکات، بەڵام ئێستا کوژرانی گەورە تێرۆریست و جەلادی ناوچەکە هەموو خەون و کۆشک و ئارمانەکانی تارانی خستووەتە مەترسییەوە و بووەتە هۆی زڕانی خەونە شیرینەکانی خامنەیی و دارودەستەکەی.

ئێستا زۆر بە باشی بۆیان دەرکەوتووە کە بە پێچەوانەی هەموو درۆ و پڕوپاگەنداکانیان زۆر لاوازن و لە بەرانبەر سزای ئابووری و سەربازیی وڵاتێک وەکوو ئامریکا هیچیان لەدەست نایەت، هەر بۆیە بە هیوای قەرەبووکردنەوەی هەیمەنەی شکاویان و دروستکردنەوەی کەسایەتی و تاپۆی لەدەستچوویان دەستیان داوەتە پڕوپاگه‌نده‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی دژ به‌ یه‌ك.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.