کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای شاری کرماشان بووەتە شۆرای شەڕی کرماشان

12:03 - 19 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئەندامانی شۆرای شاری کرماشان، پاش ڕێک نەکەوتن لەسەر دیاریکردنی شاردار، دەستیان بە لێدانی یەکتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، ئەندامانی شۆاری شاری کرماشان، لە ٨٦هەمین دانیشتنیان لەسەر دیاریکردنی شارداری کرماشان، نەیانتوانیوە بە ڕێککەوتن بگەن و دانیشتنەکە بە شەڕ و تێکەڵچوونی دوو کەس لە ئەندامانی شۆرا بە نێوەچڕی کۆتایی پێ هاتووە.

لە دانیشتنی ئەندامانی شۆرای شاری کرماشان، لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە هۆی تێکەڵچوون و لێدانی سالار ئەحمەدزادە و سەید پەیمان مووسەوی، ئەندامانی شۆرای شار، دانیشتنەکە بەبێ ئاکام و نیوەتەواو کۆتایی دێت.

دوو مانگە کە ئارەش ڕەزایی، شارەداری کرماشان داوای دەست لەکار کشانەوەی کردووە و پرسی دیاریکردنی شارەدار کەوتووەتە بەردەستی ئەندامانی شۆرای شاری کرماشان و هەتا ئێستە پاش چەندین دانیشتن، نەتەنیا شارەداریان دیاری نەکردووە، بەڵکوو دەستیان کردووە بە لێدان و شەڕفرۆشی لە بەرامبەری یەکتردا.

هەر لەو پێوەندییەدا، فەزلوڵڵا ڕەنجبەر، فەرمانداری کرماشان ڕایگەیاندووە: ئەگەر هەڵبژاردنی شاردار لە شۆرای شار چارەسەر نەکرێت، فەرمانداری ئەو بابەتە بۆ" شۆرای چارەسەریی ناکۆکییەکان" ڕەوانە دەکات.

هەڵبژاردنی شارداری کرماشان لە شۆرای شار، بە چەند هۆکار وەکوو: دژایەتیی ئەندامانی شۆرا لە بەرامبەری یەکتر، هەوڵدان بۆ دیاریکردنی کەسێک کە لەژێر هەژموونی ئەندامانی شۆرا بێت، لە گەندەڵییەکان هاوکاریی شۆرای شار بێت و ...هتد.

هەر یەک لە ئەندامانی شۆرای شاری کرماشان، کەسێک بۆ شاردار بە ئەندامانی شۆرا دەناسێنن، کە لەسەر هاوکیسەیی لە گەندەڵی و خزمایەتییە و تەنیا خاڵێک کە لە شۆرای شاری کرماشان لە بەرچاو ناگیردرێت، لێوەشاوەیی و بەتوانابوونە.

شۆرای شاری کرماشان، بە بەردەوامی شوێنی ململانێی گەندەڵەکانی ڕێژیم بووە و نەتەنیا لە بەڕێوەبەریی شاری کرماسان کاریگەری ئەرێنی نەبووە، بەڵکوو هەمیشە لە دروستکردنی کێشە و قەیران لە شاری کرماشان ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە.