کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای نیگەهبانی ڕێژیم بۆ "تەئیدی سەڵاحییەتـ"ـی بەربژێرەکان، بە میلیارد پارە وەردەگرێت

11:16 - 8 رێبەندان 2719

گەندەڵیی ماڵی هەموو دامودەزگاکانی رێژیمی ئێرانی لەخۆ گرتووە. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کە باس لە "تەئیدی سەڵاحییەت" یان ڕەتکرانەوەی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی مەجلیسی یازدەهەمی ڕێژیم دەکرێت، هەندێک لە مۆرەکانی ڕێژیم پەردەیان لەسەر گەندەڵییە ماڵییەکان لەم بوارەدا لاداوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕێبەندان، "مەحموود سادقی"، لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە تویتێکدا باسی لەوە کردووە، نێونجیکەرەکانی ئەم دەورەیە لە هەڵبژاردن، نرخی تەئیدی سەڵاحییەتی نوێنەرەکانیان تا ٤ میلیارد تمەن بەرز کردووەتەوە.

هەندێک لەو کەسانەش کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر کردووە، باسیان لەوە کردووە کە بۆ تەئیدی سەڵاحییەت داوای ١٠٠ ملیۆن هەتا ٢ میلیارد تمەن پارەیان لێکراوە.

هەڵبژاردنی دەورەی یازدەهەمی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم لە ٢ی ڕەشەمەدا بەڕێوە دەچێت.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لە "ڕەدی سەڵاحییەتـ"ـی بەربڵاوی بەربژێرەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن.

لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا، گەندەڵییە ماڵییەکان لەلایەن مۆرەکان و نزیکەکانی خودی ڕێژیمەوە بەردەوام بووە و زۆر کەس لەسەر ئەو بڕوایەن کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەی ئابووریی خەڵکی ئێران هەبوونی جۆرەکانی گەندەڵی لە کاروباری ئیداری و ئابووریی وڵاتدایە.